دوو بەرپرسی هاتووچۆی سلێمانی: پیادەڕەوەکان لە دۆخێکی مەترسیداردان

پیادەڕەو

ژیان:

دوو ئه‌فسه‌ری باڵای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر پیاده‌ڕه‌وان ئاشكراده‌كه‌ن و ڕاشیده‌گه‌یه‌نن "نابێت له‌ئاماری ڕوداوه‌كاندا كه‌مبونه‌وه‌ وه‌ك سه‌روه‌ریه‌ك تۆمار بكرێت و كه‌ زیادیشیان كرد، هۆكاره‌كه‌ی بخرێته‌ ئه‌ستۆی شۆفێر".

بەختیار محەمەد و كاروان محەمەد، هەردوو ئەفسەری هاتوچۆ لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، لە نوسینێكی هاوبەشیاندا ڕایانگەیاند، ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ئێمە دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ ژمارەیەكی زۆر بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن، هەمیشە پلەی یەك لە قوربانی ڕووداوەكان سەرنشینەكانن و پلەی دوو پیادەكانن و دواتر شۆفێرانن، کە ڕێژەی قوربانی پیادەڕەوەکان، ڕێژەیەکی مەترسیدارە.

هه‌روه‌ك باسیان له‌وه‌كردوه‌، "له‌ساڵی 2018 له‌سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی (218) هاوڵاتی به‌ڕوداوی هاتووچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ له‌م ژماره‌یه‌ (153)یان سه‌رنشین و (67) پیاده‌ڕه‌وو (4)یش شۆفێر بوه‌".

ئه‌و دوو ئه‌فسه‌ره‌ باڵایه‌ی‌ هاتوچۆ جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، "له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵیش له‌سنوری پارێزگای‌ سلێمانی (75) كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ (41) كه‌س سه‌رنشین بوه‌و (24) پیاده‌كان و (10)شیان شۆفێران بون".

جەختیشدەکەنەوە، یاسای هاتووچۆی ژمارە 86ی ساڵی 2004 لە چەند بەشێك باس لە پیادەڕەوەكان دەكات، لەبەشی 25 یاساكە باس لە سزادانی ئەو شۆفێرانە دەكات لە پیادەكان دەشێلن لەسەر هێڵی پەڕینەوە یاخود لەدەرەوەی هێڵی پەرینەوە باس لە هەڵسوكەوتی شۆفێر دەكات لەكاتی رووداوەكە بە یارمەتیدانی قوربانیەكە یاخود بەجێهێشتن و هەڵهاتن دوای رووداوەكە وە هەندێ‌ باسی یاسایی تر.

ڕوونیشیانکردووەتەوە، كاتی ئەوە هاتووە كە شێوازی كاركردن لەدام و دەزگاكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێت و بەشێوازی زانستی لێكۆڵینەوە لە داتا و ئامارەكانی قوربانیەكانی هاتووچۆ بكرێت وە دۆزینەوەی خاڵی لاواز لە هۆكاری هەڵكشانی قوربانیانی رووداوەكانی هاتووچۆ.