كارنامەی ئابوری ئێران لەسلێمانی چیە؟

مەهدی شوشتەری نامەبەری ئابوری ئێران لەسلێمانی
مەهدی شووشتەری

ژیان: لاپەڕەی ئابووری

مەهد شوشتەری، سەرەتای ئەم مانگە وەكو سەرقونسوڵی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی دەستبەكاربوو، ئەو پێش دیدارە سیاسیەكانی دیداری لەگەڵ بازرگان‌و لایەنە حكومیەكان كرد، پەیامەكەشی ئەوەبووە، چاویان لەوەیە بازرگانی نێوان سلێمانی‌و ئێران بەهێزتر بكەین.

دووشەممەی رابردوو مەهدی شوشتەری، قونسوڵی نوێی ئێران لەپارێزگای سلێمانی، سەردانی یەكێتی هاوردە‌و ناردەنیكارانی كرد، لەكۆبونەوەیەكدا قونسوڵی نوێی ئێران بەڕوونی پەیامی ئابووری وڵاتەكەی گەیاند بەیەكێتی هاوردە‌و هەناردەكاران، ڕایگەیاند "سلێمانی هەمیشە شوێنێكی باش بووە بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران، پەیوەندییە بازرگانیەكانی لەگەڵ ئێران بەهێزبوون هەتاوەكو ئێستا".

ئاستی بازرگانی نێوان عێراق‌و ئێران خۆی لەسەرو ٢٠ ملیار دۆلار دەدات، ٦ ملیاری ئەو پارەیە لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت، هاوكات لەئاستی كوردستان زۆترین كۆمپانیای ئێرانی لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا پێچەوانەی پارێزگاكانی دیكە كە كۆمپانیای توركی زۆرینەن.

كونسوڵی نوێی ئێران لەپارێزگای سلێمانی، خواستی وڵاتەكەی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانی لەنێوان سلێمانی‌و ئێران ناشارێتەوە بەتوندی دەستی بەو بنەمایەوە گرت، كە چاویان لەوەیە ئاستی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەرز بكەنەوە.

مەهدی شوشتەری، كە ماوەیەكی زۆر كەمە دەستبەكاربووە، بەڵام چالاكیەكەی زۆرینەی پەیامی ئابوری لەپشتەوەیە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ژیان، سەركونسوڵی نوێ هەر لەم ماوەكەمەی دەستبەكاربووە سەردانی پارێزگاری سلێمانی‌و بافڵ تاڵەبانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی  كردوو، لەپاڵ پەیامە سیاسیەكەدا هاوكات پەیامێكی دیكەشی پێداون ئەویش ئەوەیە كە ئێران دەیەوێت كرانەوەی ئابوری زیاتری لەگەڵ سلێمانی هەبێت.

هەواڵی پێگە ئێرانیەكان كە بەگرنگەوە هاتنی مەهدی شوشتەری باسدەكەن لەسلێمانی، سەرباری ئەوەش پێچەوانەی هەموو قوسنوڵەكانی دیكە بایەخی زۆر بەهەواڵەكانی دەدەن، ئەوان جەخت لەسەر ئەو پەیامە ئابورییانەی شوشتەری دەكەن كە پەیامی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

پارێزگای سلێمانی زۆترین سنوری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بۆیە زۆترین خاڵی سنوری لەنێوان ئێران‌و سلێمانی وایكردووە سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیان ببێتە ناوەندێكی سەرنجڕاكێشی بازرگانی‌و ئابوری بۆ پارێزگاكە، لەئێستاشدا كە ئێران گەمارۆی لەسەرە بەبڕوای ئێران خاڵێكی ڕزگاربوون لەم گەمارۆیانە سنوری ئیدارەی گەرمیان‌و سلێمانیە، چونكە تاكە سنوری كراوەن ئێران بگەیەنن بەبازاڕی عێراق‌و سوریا بەبێ گرێوگۆڵ بتوانن كاڵاكانیان بگوازنەوە.

خەلیل حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای كرماشان بەمیدیای فەرمی وڵاتەكەی وتووە، لەسێ مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا، 609 ملیۆن دۆلار كاڵا بەكێشی یەك ملیۆن‌و 365 هەزار تۆن لەخاڵەكانی گومرگی‌و بازاڕچە سنورییەكانی پارێزگای كرماشانەوە هەناردەی دەرەوە كراوە، بەراورد بەماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لەڕووی بایەخەوە لەسەدا 3‌و لەڕووی كێشەوە لەسەدا 15 زیادی كردووە.

ناوبراو وتیشی، 345 ملیۆن دۆلار كاڵا بەكێشی 783 هەزار تەن لەگومرگی كرماشان، پەروێزخان، خۆسرەوی‌و پاوە هەناردە كراوە كە ئەمەش بەراورد بەماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لەڕووی بایەخەوە لەسەدا 15‌و لەڕووی كێشەوە لەسەدا 8 زیادی كردووە.

هاوكات، مەهدی شوشتەری قونسوڵی نوێی ئێرانیش  بەبێ ئەوەی هیچ ڕونكردنەوەیەكی زیاتر بدات، بڕوای وایە پێگەی سلێمانی بۆ ئێران زۆر گرنگە‌و بەڕوونی دەڵێت: " پارێزگای سلێمانی پێگە‌و ڕۆڵی بەرچاوی لەئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی نێوان ئێران‌و هەرێمی كوردستان هەیە".