گوڵزار جەلال: سەركێش‌و مەستم

گوڵزار جەلال

ژیان: هۆزان عیرفان

خانمە شاعیر‌و نوسەر گوڵزار جەلال، دەڵێت، نوسین سنوری نییە‌و بۆ هاتنەدی ئامانج پێویستە قوربانی بدەیت‌و سەركێشی بكەین.

گوڵزار جەلال، شاعیر‌و نوسەر بۆ ژیان دەڵێت، تاوەكو پۆلی شەشی ئامادەییم خوێندوە، ڕۆژگار‌و سیاسەت پێچەوانەی خەونەكانی من بوو، بۆیە نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم.

گوڵزار لەشاری سلێمانی چاوی بەدونیا هەڵهێناوە، خاوەنی چەندین خەڵات‌و ڕێزلێنانە، زیندانی سیاسییەو، ئەندامی یەكێتی نوسەرانی كوردە.

یەكەم شیعری منداڵان بەناوی بوكە شوشەكەی لەپۆلی پێنجەمی سەرەتایی نوسیوە، لەچەندین چالاكی كۆڕی نەتەوەیی، وەرزشی، ئەدەبی، هونەری بەشداری كردوە.

"نوسین بەهرەیە، من لەمنداڵیەوە بەهرەی نوسین‌و خوێندنەوەم هەبوە، هەرچەندە تەنها بەهرە بەس نیە بۆ پێگەیشتن. نوسەر پێویستە لەرێی خوێندنەوەوە خۆی پێبگەیەنێ" گوڵزار وای وت.

سەبارەت بەو پرسیارەش كە ئایا دەیەوێت كە رێی شیعرەكانیەوە چی پەیامێك بگەیەنێت؟ گوڵزار وتی، شاعیر یاخود نوسەر ناتوانێت سنورێك دابنێت، چونكە نوسین سنوری نیە شاعیر بۆ هەمو بوارەكانی ژیان دەنوسێت. زیاتر جیاوازە لەمرۆڤێكی ئاسایی‌و دەتوانێت لەناو دەریای ئازارەكانی میللەتەكەی مەلەوانێكی سەرسەخت بێ‌و لەڕێی شیعرو ووشەوە پەیامەكەی بگەیەنێت.

گوڵزار شیعر بۆ كێ دەنوسێت؟ لەوەڵامدا دەڵێت، وەك ئافرەت بوێرانە‌و ژنانە بۆ كوردستان بۆ ڕۆشنبیری منداڵان، بۆ ژن، بۆ ڕۆمانسیەت، بۆ گەلەكەم، بۆ عیشق‌و ئازادی‌و ئازارەكان بۆ خۆشم دەنوسم. هەمیشە لەناو دەریای شێتیە جوانەكانی شاعیر مەلەوانێكی سەركێش‌و مەستم.

گوڵزار ئاماژە بەوەشدەكات كە كورد كۆمەڵێك كەرەستەی باشی هەیە وەك"ئەفسانەی كوردی، روداوەكانی مێژوی كورد…و هتد، كەلەلایەن چیرۆكنوس‌و رۆمان نوسەكانەوە بەكار‌هێنراون، بەتایبەتیش ئەفسانەی كوردی گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەیە.

ئەو خانمە نوسەرە گرفتەكانی رەخنەی ئەدەبی كوردی باس دەكات‌و دەڵێت، رەخنەگرتن لەنوسین‌و ئەدەبیات زۆر ئاساییە، بەڵام كارێكی ئاسان نیە، پێویستە لەلایەن كەسانی پسپۆڕو ڕۆشبیرو بەئەزمون رەخنەی بونیادنەر بگیرێت.

گوڵزار ئاماژە بەوەشدەكات كەلە هیچ كام لەنوسینەكانی پەشیمان نیە‌و دەڵێت، نوسینەكانم لەئان‌و ساتدا مەبەستی پێكاوە بەهەمو بڕوا بەخۆبونمەو نوسیومە، هەندێكجار ئەگەر كاڵ‌و كرچی‌و پەشیمانیش هەبێ ئاساییە، مرۆڤ دەبێ وانەی لێ وەربگرێ.

كە دەپرسیمان نوسین چی بەگوڵزار بەخشیوە‌و چی لێ سەندۆتەوە؟ وتی "نوسین خۆشەویستی‌و ڕۆشنبیری‌و ئاسودەیی لەنێوان گەل‌و كۆمەڵگەو ئەو ڕۆشنبیرانەی كەلە بەهرەو ماندو بونی نوسەر تێ دەگەن‌و خۆشەویستی پێبەخشیوم، بڕواش ناكەم نوسین شتێكی گرنگی لەمن سەندبێتەوە، مرۆڤ بیەوێ ئامانجێك یان خەونێك بەدی بێنی دەبێ قوربانی بۆ بدات، لەبەر ئەوە بەدڵنیاییەوە هەندێك شتی تایبەت لەژیانی رۆژانەدا لێ دەستێنێت.

سەبارەت بە تایبەتمەندی نوسەری منداڵان‌و نوسین بۆمنداڵان دەڵێت، لەدونیای جوان‌و بێگەردی منداڵاندا كارێكی ئاسان نیە‌و تایبەتمەندی خۆی هەیە.چەندین شیعرو قەسیدەو چیرۆكی منداڵانم نوسیوە، زۆری نوسینەكانم بۆ منداڵان ڕەنگدانەوەی بەسەرهاتی ڕۆژانەی ڕاستەقینەی منداڵانی كوردە.

گوڵزار ئاماژە بە كاری داهاتووی دەكات‌و دەڵێت، دیوانێكی شیعرو قەسیدە لەگەڵ كتێبی شیعری منداڵان بە ناوی سۆزی دایك‌و كۆمەڵێك چیرۆكی مناڵانم ئامادەیە بۆ چاپ.