میزی خوێناوی (خوێن لە میزدا) چیە

25% ئەو نەخۆشانەی ڕەنگی میزەكەیان سوورە‌ئەگەری هەیە شێرپەنجەی كۆئەندامی میزەڕۆی هەبێت‌

ژیان: لاپەرەی تەندروستی

میزی خوێناوی ئەو نەخۆشیە كە زۆرجار نەخۆش هەستی پێدەكات‌و بەچاو دەبینرێت كە رەنگی میزەكە زەرد نیە‌و خوێنی تێدایە، لەم حاڵەتەدا پێویستە نەخۆش بەزووترین كات سەردانی پزشك بكات.

كاوە فقێ ڕەحیم، پسپۆری نەشتەرگەری كۆئەندامی میز ومیزەڕۆ بۆ ژیان دەڵێت، دووجۆر میزی خوێناوی هەیە ئەوانیش:

1_خوێنەكە بەچاو دەبینرێت، ڕەنگی میزەكە سوورە .

2_خوێنەكە بەچاو نابینرێت تەنیا لە رێگەی شیكاری خوێن دەردەكەوێت هەروەها رەنگی میزەكە ئاساییە .

دكتۆر كاوە تایبەت بەهۆكارەكانی تووش بوون بەم حاڵەتە ووتی "چەند هۆكارێك هەیە كە دەبێتە هۆی خوێن بەربوون لە كۆ ئەندامی میزەڕۆوە:

_هەوكردنی میزڵدان.

_بەردی گورچیلە.

_ بەردی میزڵدان.

_شیرپەنجەی میزەڵدان.

_شێرپەنجەی گورچیلە.

_شێرپەنجەی بۆری میز.

_شێرپەنجەی پرۆستات لە پیاواندا.

_ڕونبونەوەی خوێن. 

_هەوكردنی درێژ خایەن یان كتوپڕی گورچیلە.

_وەرزشی زۆر قورس.

_نەخۆشی میزی خوێناوی كە بەبەلهارزیا ناسراوە .

_بەكارهێنانی دەرمان.

تایبەت بەنیشانەكانی ئەم نەخۆشیە پزیشكی پسپۆری نەشتەرگەری كۆئەندامی میز ومیزەڕۆ  وتی "گرنگترین نیشانەكانی ئەم نەخۆشیە بریتیە لە سوربونی ڕەنگی میز، چەند نیشانەیەكی دیكە كە بەگوێرەی هۆكارەكانی ئەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەگەر هۆكارەكە بەردی گورچیلە بیت نەخۆشەكە زۆربەی كات ئازارێكی كتوپڕی دەبێت لەو شوێنەی كە بەردەكە دادەبەزێت،هەروەها نیشانەیەكی دیك زوو زوو بچێت بۆ سەرئاو هەروەها سووتانەوە‌و كزانەوەی هەبێت لەكاتی میزكردندا ئەگەر هۆكارەكە ئیلتیهابی میزەڵدان بێت، جگە لەم شتانەی كە باسمان كرد نەخۆش هەیە هیچ نیشانەیەكی تری نیە ئەم جۆرەیان زۆربەی كات بەهۆی شێرپەنجەی میزەڵدان، گورچیلە یان پڕۆستاتەوە‌و دەبێت .

 بەمەبەستی دەست نیشانكردنی هۆكارەكان دكتۆر كاوە فقێ ئاماژەی بەوەكرد:

1_نەخۆش لە لایەن پزیشكی پسپۆڕەوە پشكنینی بۆ بكرێت.

2_پشكنینی خوێن ومیزی بۆ بكرێت.

3_گرتنی تیشك یان سۆنار یان تیشكی تەنووری بۆ بكرێت.

4_هەناو بینی میزەڵدانی بۆ بكرێت. 

5_ پشكنینی میز بۆ بینینی خانەی شێرپەنجەی.

ئەم پزیشكە تایبەت بەچارەسەركردنی خوێن لە میزدا ڕێنمایی پێویست باس دەكات كە پێویستە، چارەسەری تەواوی میزی خوێناوی پەیوەستە بەهۆكارێكەوە، كە ئەبێت هۆكارەكە دەستنیشان بكرێت وپاشان چارەسەری بكرێت، وەك پێشتر ووتمان زۆربەی كات بەهۆكارێكی سادە وەك بەرد یان هەوكردن لەهەمان كاتدا ئەگونجێ هۆكارەكەش نەخۆشی شێرپەنجە بێت، ووتیشی : لێكوڵینەوە پزیشكیەكان ئاشكرایان كردووە 25% ئەو نەخۆشانەی ڕەنگی میزەكەیان سوورە‌و بوە بەخوێن ئەگەری ئەوەی هەیە شێرپەنجەی كۆئەندامی میزەڕۆی هەبێت‌و تەنها 5% ئەو نەخۆشانە بەشیكاری میز دەرئەكەوێت شێرپەنجەیان هەیە.