گەنجێكی گەرمیانی ركابەری بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی دەكات

سیروان ساڵح

ژیان: دیمەن ئیسماعیل

سیروان، گەنجێكی دانیشتووی شاری كەلارە، ماوەی ٢٠ ساڵە لەڕێی لاپەڕەیەكی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك زانیاری لەسەر كەش‌و هەوا بڵاو دەكاتەوە.

سیروان ساڵەح، تەمەن ٤٧ ساڵ دانیشتووی شاری كەلارە، چوون بەدوای ئارەزووەكەیدا بۆناسینی جۆری ھەورەكان‌و زانینی كەش‌و ھەوا، وای كردووە ئیدارەی گەرمیان بۆ كەش‌و ھەوا ٢٠ ساڵە پشت بە پێشبینیەكانی ببەستێت‌و ھەر بەھۆی ئەویشەوە چەند جارێك باری لەناكاو لەسەر پێشبینەكان راگەیاندراوە.

سەبارەت بە دەست پێكردنی حەزەكەی بۆ ژیان وتی "پێشبینی كەش‌و ھەوا یەكێك بو لەحەزەكانم، لە پۆلی شەشی ئامادەییەوە ھەستم كردووە توانایەكم هەیە بۆیە بۆ برەودان بە تواناكانم لەو بوارەدا بەشی جوگرافیام تەواوكرد لەزانكۆی سلێمانی"

ئەو ڕۆژانە بەشێك لەكاتەكانی ژیانی بۆ چاودێری كەش‌و ھەوا تەرخان دەكات، لەڕۆژە ئاساییەكاندا نزیك نیوەڕۆو  كاتی دوای خۆرئاوابون، سەرچاوەی پێشبینیەكانیشی بۆ ڕەوشی كەش‌و ھەوا تواناكانی خۆیەتی.

باسی لەوەشكرد، نزیك نیوەڕۆ‌و  كاتی خۆرئاوابون چاودێری جووڵەی ھەورەكان دەكەم، لەو دو كاتەدا بەباشی جوڵەی ھەورەكان جیادەكەمەوە، توانای پێشبینیم بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ ھەیە.

سیروان جگە لەپێشبینی باران‌و ڕێگای سەیركردنی ھەورەكانەوە جۆری ئەو بایانەی ھەڵدەكەن رێژەی شێكەیان‌و ھەورە بروسكەو ماوەی باران‌و بەرزبوونەوەو نزم بونەوەی پلەكانی گەرما‌و ھەڵكردنی باكان‌و خێراییەكەیان دەست نیشان دەكات.

پێش ھاتنی مۆبایل پێشبینییەكانی سیروان سنوری كەلاری تێنەدەپەڕاند، پاشان لە ساڵی ٢٠١2 لاپەڕەیەكی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بەناوی كەش‌و ھەوای گەرمیان كردۆتەوە‌و ڕۆژانە پێشبینیەكان بڵاو دەكاتەوە سود بە ھاوڵاتیان دەگەیەنێت.

"ھەر گاتێك دایكم سەبارەت بەكەش‌و ھەوا پرسیارم لێدەكات، سەردانی پەیجی مامۆستا سیروان دەكەم، پێشبینیەكانی زۆر بڕواپێكراون‌و جێگای دەست خۆشین" سەرگوڵ خەلیل دانیشتوی شاری كەلار وای وت.

سنوری پێشبینیەكانی سیروان ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە ئاسمانەكانیان بە چاو دەبینێت وەك ناوچەكانی قەزای چەمچەماڵ، دەربەندیخان، سەنگاو، دووزخورمات، زنجیرە چیای حەمرین تاوەو مەندەلی لەقەزای خانەقین‌و لەوێوە بۆ چیای داڵەھۆی لەڕۆژھەلاتی گەرمیان‌و چیای بەمۆو ناوەندی قەزای كەلارو دەوروبەری.

ڕاستی‌و دروستی پێشبینیەكانی وای كرد ئیدارەی گەرمیان پێشبینی ئەوە بكات ئەگەر فەرمانگەی كەش‌و ھەوا كرایەوە سیروان بكرێت بە بەڕێوەبەری.

شەهاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی قەزای كەلار بۆ ژیان" وتی "لەگەڵ مامۆستا سیروان پەیوەندیەكی باشمان ھەیە، سەرچاوەی زانیاری سەرەكی زانیاریە كەشناسیەكانمانە، لەبەر ڕۆشنایی پێشبینیەكانی ئەو زۆرجار دەكەوینە حاڵەتی ئامادەباشی ڕووداوە سروشتیەكانی وەك لافاو".

باسی لەوەشكرد، پێشنیارمان كردوە بۆ ئیدارەی گەرمیان ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی بكرێتەوە مامۆستا سیروان بكرێت بە بەڕێوەبەری.