برایەكی ماریا هەورامی: مەلا هەڵۆ ناناسین و بەخزمیشی نازانین


ژیان: 

برایەكی ماریا هەورامی رایگەیاند مەلا هەڵۆ بە خزمی خۆیان نازانن و داواش دەكات هەموو رێكخراو رۆشنبیران یەك دەنگ بن بۆ رێگرتن لە سوكایەتیكردن بە هونەر و هونەرمەندان. 

بێستون هەورامی، برای هونەرمەند ماریا هەورامی، رایگەیاند "بۆ بەرگرتن لەم هێرشە ناڕەوایانەی ناوبەناو دەكرێتە سەر هونەرمەند و نوسەران، پێویستمان بەیەك دەنگی سەرجەم ڕۆشنبیران و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و هونەرمەندان و كەسایەتی و هەموو مرۆڤێكی ئازادیخوازە، تا نەهێڵین لەم جۆرە كەسانە بەناوی ئایینەوە كەلتوری ڕەسەنی گەلەكەمان لەناوبەرن".

ناوبراو لە رونكردنەوەیەكدا ئاشكرای دەكات "بڕیارمانداوە لە ڕێی یاساوە كاری خۆمان بكەین، با دادگا مافی تەشهیركردن بە ماریا وەربگرێتەوە، ئەو بەڕێزەش با لە دادگا ڕوونكردنەوەی خۆی بدات لەسەر وتەكانی".

ئەو داواشی كردووە كە داواكاری گشتی لەو كەیسە بێ دەنگ نەبێت و یاسا سەروەر بێت  بۆ ئەوەری رێگری برێت لەم جۆرە سوكایەتیكردنە.

بێستون هەوارامی لەو رونكردنەوەیەدا رەتیدەكاتەوە مەلا هەڵۆ خزمیان بێت و دەڵێت "بەخزمی نازانین و ناشی ناسین، لەسەر بنەماڵەكەمان حسابی نایكەن".