ئاماری روداوەكانی هاتوچۆی سلێمانی لە جەژنی قورباندا


ژیان: 
روداوەكانی هاتوچۆ لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ هەرچەندە ژمارەیان كەمترە، بەڵام رێژەی گیان لەدەستدان لەم ساڵدا  4 كەس بووە لە كاتێكدا لە جەژنی رابردوو هیچ كەسێك بەهۆی روداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست نەدابوو. 

بە گوێرەی ئامارێك كە كاروان محەمەد سەدیق، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا 8 ڕووداوی هاتووچو لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی تۆماركراوە، لە جەژنی قوربانی رابردوو 16 روداو تۆمار كرابوو. 

لەم ساڵدا 4 روداو لە ناوشار رویداوە و 4روداویتریش لەدەرەوەی شاربووە كە نیوەی رودوەكان وەرگەڕان بووە و 4 روداوەكەیتریش پێكدادان بووە. 

وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی راگەیاندووە لەو روداوانەی ئەم جەژنەدا 18 هاوڵاتی بریندار بوون و 4 هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوە، لە جەژنی قوربانی رابردوودا 22 كەس بوبونە قوربانی بەڵام هیچ كەسێك گیانی لەدەست نەداوە.