وردەكاری كوشتنی گەنجەكەی چەمچەماڵ


ژیان: 
ئەو كەسەی لە چەمچەماڵ گەنجەكەی لە بەنزینخانەدا كوشت، ماوەی مانگێك بووە لە چەمچەماڵ بووە لە ماڵی خزمێكیدا و دوای ئەوەی داوای پارەی بەنزینەكەی لێكراوە گەنجەكەی كوشت. 

پۆلیسی سلێمانی وردەكاری كوشتنی گەنجەكەی بەنزینخانەكەی چەمچەماڵی ڕایگەیاند و دەڵێت "ئەو تۆمەتبارە، ماوەی مانگێكە لە چەمچەماڵ دەژی لە ماڵی خزمێكی خۆی، ئەو چەكەشی كە كڕیویەتی لەبازاڕی ڕەشدا لە كەلار كڕیویەتی بە ( ٨٠٠ ) دۆلار" .

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاری ڕوداوەكەی شەوی ڕابردووی چەمچەماڵی راگەیاند وتیشی "تۆمەتبارێك كە تەمەنی ( ١٩ ) ساڵە بە مەبەستی تێكردنی سوتەمەنی بۆ ماتۆڕەكەی چووەتە وێستگەیەكی سوتەمەنی لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵ، دوای ئەوەی كە سوتەمەنییەكەی وەرگرتووە ئەو كارمەندەی كە لەوێ كاری كردوە داوای كردووە پارەی سوتەمەنییەكەی بداتێ بەڵام ئەو ماتۆڕسوارە ڕەتی كردووەتەوە پارە بدات و ڕاستەوخۆ لەڕێی دەمانچەیەكەوە تەقەی لێكردووە و برینداری كردووە".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، وتیشی "گەنجە كوژراوەكە تەمەنی ( ١٧ )ساڵ بووە و دوای ئەوەی بریندار بووە ویستویەتی هەڵبێت و بۆ ئەوەی گیانی خۆی دەرباز بكات، بۆیە خۆی كردوە بە ژوری كارگێڕی وێستگەكەدا بەڵام ئەو تۆمەتبارە دوای كەوتووە و فیشەكێكی دیكەشی پێوە ناوە و كوشتویەتی و هەروەها بڕی ( ٢٤٠ ) هەزار دیناری ئەو كارمەندەی دزیوە".

دوای گەرشانی پۆلیس بۆ تۆمەتبارەكە "لە كاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە) تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە و هەروەها ماتۆڕەكەی و ئەو دەمانچەیەی كە تەقەی پێكردوە لەگەڵ بڕە پارە دزراوەكەدا دەستی بەسەردا گیراوە و تۆمەتبارەكەش لەبەردەم دادوەر دانی ناوە بەتاوانەكەیدا".

پرلیس ئەونیشیكردەوە "ئەو تۆمەتبارە ماوەی مانگێكە لە چەمچەماڵ دەژی لە ماڵی خزمێكی خۆی ژیاوە لەو شارۆچكەیە بەڵام خۆی خەڵكی شارۆچكەیەكی دیكەیە و دانی بەوەشدا ناوە كە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئەو كوژراوەدا نەبوە و نەیناسیوە".

سەركەوت ئەحمەد وتیشی:  ئەو چەكەشی كە كڕیویەتی لەبازاڕی ڕەشدا لە كەلار كڕیویەتی بە ( ٨٠٠ )دۆلار و پێشتریش ئەو تۆمەتبارە لەسەر چەندین تاوانی شەڕكردن و لێخوڕینی ماتۆڕ و ئۆتۆمبێل بە بێ مۆڵەت دەستگیركراوە.