حكومەتی هەرێم لەبارەی بۆردومانەكانی توركیاوە راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە


ژیان: 

حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی بۆردومانەكانی ئەمڕۆی توركیاوە بڵاو كردەوە تیایدا دەڵێت "داوا لە حكومەتی توركیا و چەكدارانی پەكەكە دەكەین نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان".

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند "بەداخەوە ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانی فرۆكەكانی توركیا لە بناری قەندیل چەند هاوڵاتییەك برینداربوون و زیانی ماددیشی لێكەوتەوە". 

لەو راگەیەندراوەدا وتەبێژەكەی حكومەت دەشڵێت "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا هاوخەمی لەگەڵ زیانلێكەوتووانی ئەو ناوچەیە دەردەبرێت و نیگەرانە لەو بوردومانە، داواش دەكات سەلامەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بپارێزێرێت و نابێت هاوڵاتیانی هەرێم ببنە ئامانجی بوردومان". 

حكومەتی هەرێم لە نوسراوەكەدا دەشڵێت "داواش لە چەكدارانی پەكەكە دەكەین ڕەچاوی دۆخی ھاوڵاتیانمان و تایبەتمەندیی ھەرێمی كوردستان بكەن و  چیتر نەبنە هۆكاری زیانگەیاندن بە ھاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان".