وەزارەتی پەروەردە وادەی دەستپێکردنی خوێندنی ئاشكرا كرد و چەند بڕیارێكیشی دەركرد

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان

ژیان: 
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم 12 تەوەری لەیەكەم كۆبونەوەی خۆیدا تاوتوێ كرد و رایگەیاند، 1ـی ئەیلوول مامۆستایان دەستبەكاردەبن و 21ـی ئەیلوولیش یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە.

دوای ئەنجامدانی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كە باس لە 12 تەوەر كرا و ژمارەیەك بڕیار بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەركرا. 

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی بڕیاری كۆبوونەوەكە 1ـی ئەیلول مامۆستایان دەستبەكاردەبن و 21ـی ئەیلولیش یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە. 

ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە: 

- پێكهێنانی لیژنەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاكان بە سەرۆكایەتی مامۆستا بورهان عەبدوڵا تایبەت بە كەمكردنەوەی رۆتین و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كارگێڕی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە پارێزگاكان و پەروەردەی قەزاكان لەگەڵ پیادەكردنی پێوەری چاودێری پێویست.

- رۆژی 1ـی ئەیلول بۆ دەستبەكاربوونی مامۆستایان دیاریكرا، رۆژی 21ـی ئەیلولیش یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2019 – 2020 لە هەرێمی كوردستان.

- پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ رێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری پارێزگاكان بە سەرۆكایەتی راوێژكار بورهان عەبدوڵا و ئەندامیەتی هەریەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی ئەحمەد ئیسماعیل رەحمان، شیلان خەلیل جونێد، جەلال هەمزە كاكەشین، بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021.

- پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك سەبارەت بە دانانی بانكی پرسیارەكان تایبەت بە ئەزمونەكانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە سەرۆكایەتی كەریم لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی ئەزمونەكان و ئەندامییەتی كاوە عومەر، بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان كە پێویستە لە ماوەی چوار مانگدا كارەكانیان تەواوبێت.

- رێگەنەدان بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە، ناكرێت بیناكانیان بەكاربهێنن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی وانەكانی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن.

- هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزیكردنی هەردوو بابەتی بیركاری و زاستە گشتییەكان تایبەت بە قۆناغی فێركردنی بنەڕەتی كە لە ساڵی خوێندنی 2015 – 2016 وە دەستی پێكردووە، هاوكات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی، راوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بواری زمان لە زانكۆكانی كوردستان بكرێت لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.

- پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامیەتی هەریەك لە راوێژكاران: بورهان عەبدوڵا عادل، بەڕێوەبەری گشتی دیوان مەریوان بەگۆك و بەكر كەریم، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان بە مەبەستی پێداچوونەوە و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (14)ـی ساڵی 2012 و رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2016 باخچە و قوتابخانەو پەیمانگە ناحكومییەكان.