بێگه‌رد تاڵه‌بانی: بازاڕ بۆ بەرهەمە نێوخۆییەكان دەدۆزینەوە

بێگەرد تاڵەبانی

ژیان:

 وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، كاردەكەن بۆ بە بازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان.

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21-8-2019 له‌ وۆرك شۆپێكی تایبەتدا، بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیر كشتوكاڵی هه‌رێم ڕایگه‌یاند" پلانی چوار ساڵی داهاتووی وەزرەتەکەمان داڕشتووە و هەوڵی جدی بۆ بە بازارکردنی بەروبوومی خۆماڵیی جووتیارانی کوردستان دەدەین".

وتیشی" گرنگی ته‌واو به‌ ئاسایشی ئاو و خۆراك ده‌ده‌ین و كار بۆ به‌بازاركردنی به‌روبوومی ناوخۆیی ده‌ده‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ بوار بڕه‌خسێنین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌تیش به‌شداری له‌ پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان بكات".

بێگەرد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند" ئومێد دەکەم جووتیاران نائومێد نەبن ئێمە بەپەرۆشین بۆ ئەوەی بەروبوومەکانیان خەسار نەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایان دەکەینەوە ئێستا و لە ئەمڕۆوە دەسپێکی ئەو پلانەیە کە دەمانەوێ گرنگی بە بەروبوومەکانی هەم لە بواری بازاڕکردن و هەم لە بواری پیشەسازیی خۆراک پیشەسازیی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان و ساڵی داهاتووش ئەنجامی کارەکانمان بە شێوەی کردەیی دەکەوێتە بەردەستیان".

ئاماژەی بەوەشكرد" سوود له‌ زانیاری سه‌رده‌م وه‌رده‌گرین و ڕێگر ده‌بین له‌ ڕۆتین و گه‌نده‌ڵی و هه‌لی كار له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌وه‌ ده‌رخسێنین و پلانێكی ستراتیژی بۆ چوارساڵی ئاینده‌ له‌بواری كشتوكاڵدا داده‌ڕێژین".

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، جووتیاران لەبارەی نەبوونی بازاڕ و کەمیی نرخی بەرهەمە خۆماڵییەکان ناڕازاییان دەربڕیوە.