محەممەد تۆفیق رەحیم: ناگەڕێمەوە خانەی راپەڕاندن

محەمەد تۆفیق ئەندامی پێشوی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان

ژیان:
محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی پێشوی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایدەكات، بەهۆی شێوازی یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدی جێگری سەرۆكی هەرێم، نیگەرانە لە بزوتنەوەكەیان و ناگەڕێتەوە بۆ خانەی راپەڕاندنیش.

دوای ئەوەی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ناوی مستەفا سەید قادری وەک کاندیدی بزووتنەوەکەی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکلاکردەوە، محەممەد تۆفیق رەحیم نیگەرانی خۆی لە شێوازی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکەی گۆڕان راگەیاند و بڕیاریداوە نەگەڕێتەوە خانەی راپەڕاندن، بەڵام لە گۆڕاندا دەمێنێتەوە.

لەوبارەیەشەوە محەمەد تۆفیق رەحیم بۆ چەند میدیایەکی ئاشکراکردووە "بەڵێ پرسی جێگری سەرۆكی هەرێم كە بەو شێوەیە یەكلاكرایەوە، نیگەرانی كردوم، چونكە نەدەبوایە بەو شێوەیە بوایە و بۆچی ئەو دادەنرێت و من دانانرێم؟".

محەمەد تۆفیق رەحیم، كە لەئێستادا لە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كشاوەتەوە، جەختدەكاتەوە لەوەی ناگەڕێتەوە بۆ خانەی راپەراندن.

دەشڵێت، میکانیزم و شێوازی یەکلاکردنەوەی کاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێوازێکی نادروست و نا یاسایی بوو، بابەتی شەخسی خرایە پێش یاسا، تەنیا کەس بووم بۆ ئەو پۆستە سیڤیم پێشکەشکرد، دەبوو قسەم لەگەڵ بکرێت و  پۆستەکەش لەسەر بنەمای سیڤی کەسێکی بۆ دیاری بکرایە نەک بابەتی شەخسی".