هیومان ڕایتس وۆچ: دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان لە تورکیا پەکخستنی دیموکراسیە

ڕێکخراوەکە حکومەتی ئاکەپە ڕەخنەباران دەکات

ژیان:

هیومان ڕایتس وۆچ، دەستبەسەرداگرتنی سێ شارەوانیی باکوری کوردستان لەلایەن حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەوە بە "پێشێلکاریی ڕوونی مافی دەنگدەران" ناودەبات و دەڵێت: دیموکراسیی لەناوخۆی وڵاتەکەدا پەک دەخات.

هیو ویڵیامسن بەڕێوەبەری بەشی ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیای ڕێکخراوەکە لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە "حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەکی کاریگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی مانگی ئازاری ڕابردووی لەو سێ شارە کوردییە هەڵوەشاندووەتەوە لە ڕێگای دوورخستنەوەی ئەو سەرۆک شارەوانیانەی کە دەنگدەران هەڵیانبژاردبوو، سەرباری ئەوەی هەرسێکیان کاندیدی ڕەوابوون بۆ پۆستەکانیان و ئەو سێ شارەوانیەیان بەڕێوەبردووە".

ئاماژەبەوەشکراوە، دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان، پێشێلکاریی ڕوونی مافی دەنگدەرانە و دیموکراسیی لەناوخۆی وڵاتەکەدا پەک دەخات.

ڕێکخراوەکە ڕەخنەی ئەوەشی گرتووە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیومی بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی ئەو سێ شارەوانییە دیاریکردووە لەکاتێکدا دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە نەداوە کە ڕوبەڕوی ئەو سێ کەسە کراونەتەوە، ئاماژەشی بەوەکردووە. "ئەو سێ سەرۆک شارەوانییە بەهۆی وتار و چالاکییە ناتوندوتیژییەکانیانەوە ئێستا بە پێی یاساکانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".