وەزارەتی بەرگری ئەمریكا: ئێمە رێگریمان لە هێرشی توركیا بۆ سوریا كردووە


ژیان: 

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند ئەوان رێگریان كردووە لە هێرشی توركیا بۆسەر سوریا و ریچكەوتنی توركیا و كوردی بە گرنگ وەسف كرد بۆ هەردوولایان. 

شۆن رۆبرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند: تێگەیشتنی هاوبەش و گفتوگۆمان لەگەڵ توركیا بووەتە رێگر لە بەردەم دەستێوەردانی سەربازی توركیا لە باكوری سوریا.

ناوبراو وتیشی: وەزیری بەرگری ئەمەریكا و هاوتا توركییەكەی، هەنگاوی جدیان ناوە بۆ گەیشتن بە لەیەك تێگەیشتنی هاوبەش.

ئەو نەیشاردەوە دابینكردنی ئاسایشی سنور لە نێوان توركیا و باكوری سوریا بۆ هەردوو لایەنی توركی و كوردیی گرنگە، ئەو نەخشە رێگەیە، دەستەبەری ئەوە دەكات، هیچ پێكدادان و گرژییەك لە ناوچە سنورییەكان درووست نەبێت.

بزوێنەری بنەڕەتی ئەو پلانە، بڕوای پێنتاگۆنە بە رەوایی مەترسییەكانی ئەنقەرە لە هەمبەر هەندێك گرووپی كوردی.