وەستا رەسوڵ، بۆ ژیان: كۆنگرەی تەوافوقی لەدونیادا مۆدێلی نەماوە

تەوافوق‌و دیموكراسی دوو شتی لەیەك دوورن

ژیان: هەڤاڵ غالب

وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ژیان دەڵێت، كۆنگرە بۆ یەكێـتی بووەتە زەرورەت‌و دەبێـت ببەسترێـت .

لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادە بەوەدەكات، پێشتر لیژنەیەكی باڵای كۆنگرە هەبووە ئەو لیژنە باڵایە 80%ی ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە، بەستنی كۆنگرە بەشێك لەگرفتەكانی یەكێـتی چارەسەر دەكات‌و لەكۆنگرەشدا بەشوێن پێی هیچ حزبێك ناكەوین‌و یەكێتی خۆی داهێنەری مۆدێلی نوێی حزبایەتی یە، كۆنگرەی تەوافوقی ناكەین.

ژیان: تا چەند بەستنی كۆنگرە بۆ یەكێـتی لەئێستادا گرنگە؟

وەستا رەسوڵ: كۆنگرە بووەتە حاڵەتێكی زەروری بۆ یەكێـتی لەبەر ئەم هۆكارانە، یەكەم لەكاتی خۆی دواكەوت، هەموو كۆنگرەیەك كەلەكاتی خۆی دوابكەوێـت ئەوا فەوزایەك لەحزبدا دروست دەبێـت بۆ رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی‌و بۆ ستراتیژی‌و دانانی بەرنامەی حزبی، بۆیە كۆنگرە زۆر زۆر زەرورە لەزووترین كاتدا ببەسترێـت، دووەم بۆ ئەوەی بتوانین نوێبوونەوەیەكی تازە بەبەرنامەیەكی تازە بچینە سەر شانۆی سیاسی لەكوردستاندا.

پێشنیار هەیە ئەنجومەنێكی دانایان دروست بكرێـت 

ژیان: ئایا لەئەمساڵدا یەكێـتی كۆنگرە دەبەستێت؟

وەستا رەسوڵ: دەبێت بیبەستێت، هەموو هەڤاڵانی لێپرسراوی مەڵبەندەكان لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن زنجیرەیەك كۆبونەوەیان لەسەر ئەم بابەتە كردووە سورن لەسەر ئەوەی لەئەمساڵدا ببەسترێت.

ژیان: هیچ ئامادەكارییەك بۆ ئەو مەبەستە كراوە، ئەگەر كراوە بەكوێ گەیشتووە؟

وەستا رەسوڵ: پێشتر لیژنەیەكی باڵای كۆنگرە هەبووە ئەو لیژنە باڵایە نزیكەی 80%ی ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە، ئامادەكارییەكان قورس نین لەبەرامبەر ئیرادەی بەستنی كۆنگرەدا، دەبێت ئەو راپۆرتەی مەكتەبی رێكخستن لەم رۆژانەدا بگاتە مەكتەبی سیاسی، مەكتەبی سیاسی بریار بدات كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی ئەنجام بدرێـت‌و جارێكی تر ئەو لیژنەیە دەست بەكار ببێـتەوە یان لیژنەیەكی تازە دەست بەكاربێت.

ژیان: ئێوە پێتان باشە چۆن كۆنگرەیەك ببەسترێـت، ئایا تەوافوقی پێشوەختی لەسەر بكرێـت یان هەموو شتێك لەكۆنگرەدا یەكلابكرێـتەوە؟

وەستا رەسوڵ: كۆنگرەی تەوافوقی لەدونیادا مۆدێلی نەماوە تەوافوق‌و دیموكراسی دوو شتی لەیەك دوورن، ئەگەر ئێمە نەتوانین لەحزبەكەی خۆماندا پیادەی دیموكراسیەت بكەین ئیتر ئێمە چۆن دەتوانین هەڵگری دروشمی دیموكراسی بین لەهەرێمی كوردستاندا، ئێمە رابەرایەتی دیموكراسی دەكەین ئێمە مام جەلال بەرپرسمان بووە، مام جەلال خۆی رابەری دیموكراسیی بووە، بۆیە ئێمە نابێـت بەهیچ شێوەیەك بیر لەكۆنگرەی تەوافوقی بكەینەوە دەبێـت بیر لەكۆنگرەیەك بكەینەوە كۆنگرەی هەموان بێـت‌و هی هەموو یەكێتییەكان بێـت .

ژیان: ئایا كۆنگرە دەتوانێـت چارەسەری كێشە كەڵەكەبووەكانی چەند ساڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات ؟

وەستا رەسوڵ: بەشێكی دەتوانێت، چونكە كێشەكان بەشێكی كەڵەكەبووە، بەشێك لەكێشەكان پەیوەندی بەكۆنگرەوە هەیە، بۆ نمونە پرەنسیپی هەیكەلی حزبی كەزەرورە جارێكی تر دایبڕێژینەوە‌و لەگەڵ ئەم سەردەمەدا هەنگاو بنێین،  سەركردایەتیەك بتوانێـت سەركردایەتی راستەقینەی هەموو یەكێتییەكان بكات، بەتاكید یەكێـتی پێویستی بەسەرێك هەیە كەسێك لەسەرەوە بتوانێـت بریار بدات .

پۆستی سكرتێری گشتی بۆ جەنابی مام جەلالە‌و هەموومان سورین لەسەر ئەوەی جارێكی تر هیچ كەس ئەو پۆستە وەرنەگرێت


ژیان: لە كۆنگرەدا هیچ گۆڕانكارییەك لەپەیڕەو پرۆگرامی یەكێـتیدا دەكرێت؟

وەستا رەسوڵ: هەر زۆر گۆڕانكاری تێدادەكرێـت، ئێمە وەك پرۆگرام كێشەمان نیە، یەكێـتی خاوەنی بەرنامەیەكی باشە، بەڵام لەوانەیە لەپەیڕەو‌و هەیكەلی حزبیدا ئێمە پێویستمان بەگۆڕانكاری هەبێت.

ژیان: پێشنیار بۆ گۆڕانكاری لەئۆرگانەكاندا چۆنە؟

وەستا رەسوڵ: پێشنیارەكان زۆرن تا ئێستا سێ بۆ چوار جۆر پێشنیار هەیە دەبێـت دواتر كۆمیتەی سەركردایەتی لەسەر یەكێكیان یان دوانیان رازی بێـت‌و لەنەتیجەدا كۆنگرە بڕیار لەسەر ئەوە بدات كەچۆن ئەو ئۆرگانانە رێك بخاتەوە بەڵام دەبێت ئۆرگان گەلێك پێشنیار بكەین كەلەگەڵ تازەگەری‌و ڕێكخسننەوە‌و عەقڵی گەنج‌و ژناندا بگونجێـت .

ژیان: ئۆرگانەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند دەمێنێت یاخود گۆرانكاری تێدا دەكرێت؟

وەستا رەسوڵ: بۆچوونی جیاواز هەیە، هێشتا ناتوانم من بڵێم چی دەمێنێـت‌و چی نامێنێـت، هەر پرۆژە‌و بەشێوەیەك گەڵاڵە كراوە‌و رەنگە لەدواتردا بگاتە یەك پرۆژە، هەندێك شتیان پێویست نیە.

ژیان: پۆستی سكرتێری گشتی چۆن یەكلادەكرێـتەوە؟

گۆڕانكاریی زۆر لەپەیڕەو پرۆگرامی یەكێـتیدا دەكرێت

وەستا رەسوڵ: ئەوە بۆ جەنابی مام جەلالە‌و هەموومان سورین لەسەر ئەوەی جارێكی تر هیچ كەس ناتوانێـت ئەو پۆستە بەباڵای یەكێتی دا دابڕێت .

ژیان: چۆن بڕیار لەسەر بەڕێوەبردنی یەكێـتی دەدرێـت یان یەكێـتی چۆن بەرێوەدەبرێـت؟

وەستا رەسوڵ: دەكرێـت بڵێین كۆنسەیەك بێت ئەكرێت بڵێین كەسێك ناوی سەرۆك بێت ناوی كار بەرێخەربێـت یان هەرشتێك بێت .

ژیان: پێتانوایە ئۆرگانەكان كەم بكرێنەوە یان زیاد بكرێـت؟

وەستا رەسوڵ: پێم وایە دەبێـت ئۆرگانەكان كەم بكرێنەوە، چونكە ئێستا ئۆرگانمان زۆرە‌و ئەو هەمووەش ئیدارە نادرێـت بەراستی.

ژیان: دارایی‌و میدیای یەكێتی لەكۆنگرەدا چۆن بڕیاری لەسەر دەدرێت ؟

وەستا رەسوڵ: ئەوە یەكێك دەبێـت لەكارە بنچینەییەكان پێویستی بەرێكخستنەوەیەكی باش هەیە.

ژیان: سەركردە بەتەمەنەكان كەتائێستا یەكێتییان بەڕێوەبردووە خۆیان هەڵدەبژێرنەوە؟ 

وەستا رەسوڵ: ئەوە خۆیان دەزانن ئەو پرسیارە لەخۆیان بكەن، من جارێ پیر نەبووم .

ژیان: ئەگەر ئەو سەركردانەی ئێستا خۆیان هەڵبژارد‌و لەكۆنگرە دەرنەچوون چارەنوسیان چی دەبێـت؟

وەستا رەسوڵ: پێشنیار هەیە ئەنجومەنێكی دانایان دروست بكرێـت لەو ئەنجومەنەدا ئەو كەسانەی كەدەرناچن یان ئەوانەی پێشتر لەسەركردایەتی بوون‌و دەرنەچوونە ئەوانە بخرێنە ئەو ئەنجومەنەوە .

مام جەلال رابەری دیموكراسیی بووە، بۆیە نابێـت بەهیچ شێوەیەك بیر لەكۆنگرەی تەوافوقی بكەینەوە 

ژیان: لەو پێشنیارانەی كەبۆ بەرنامەی كۆنگرە دەكرێـت تاچەند پرس بەكادرانی ناوەندی‌و ئەندامانی خوارەوە دەكرێـت؟

وەستا رەسوڵ: كۆمەڵێك كۆبوونەوە لەهەموو مەڵبەندەكان كراوە لەگەڵ هەموو كادرەكان‌و مەكتەبەكان ومدیر مەكتەب‌و رێكخستن كراوە لەو كۆبوونەوانەدا قسەلەسەر ئەوە كراوە كەبۆچوونەكان بكرێـتە یەك‌و بۆچوونی كادران وەربگیرێـت.

ژیان: لەداڕشتنەوەی ئۆرگانەكاندا دەتانەوێـت تەقلیدی حزبەكانی تر بكەنەوە یان مۆدێلێكی نوێی حزبایەتی دروست بكەن؟

وەستا رەسوڵ: بەهیچ شێوەیەك یەكێـتی بەدوای تەقلید نەكەوتووە‌و لەوەتەی هەیە یەكێتی خۆی داهێنەری مۆدێل بووە‌و خەڵكی تر دوای كەوتووە .

ژیان: چی ماوە لەسەر كۆنگرە بیڵێیت؟

وەستا رەسوڵ: هیوادارم هەموو لایەك سوربن لەسەر بەستنی كۆنگرە .