زەریف وەڵامی هاوتا ئەمریکییەکەی دەداتەوە

محەمەد جەواد زەریف، مایک پۆمپیۆ

ژیان:

وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی هاوتا ئەمریکییەکەی دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئێمە نەوت بە هەر کەس و وڵاتێک دەفرۆشین کە خۆمان بمانەوێت.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا لەهەمبەر لێدوانێکی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ كه‌ رایگه‌یاندبوو كه‌شتی ئه‌دریان ده‌ریا-١ی ئێران به‌ره‌و سووریا چووه‌ رایگه‌یاند ''ئێمه‌ نه‌وت به‌ هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر کڕیارێک كه‌ بمانه‌وێت ده‌فرۆشین''.

زەریف نووسیویەتی ''ئه‌مریكا به‌ چه‌ته‌یی ده‌ریا و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر رێگرتن له‌ ئێران له‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌ کڕیارە دێرینه‌كانی. به‌ڕێز پۆمپیۆ هه‌ر بۆخۆتان بڵێن! ئێمه‌ نه‌وت به‌ هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر کڕیارێک كه‌ بمانه‌وێت ده‌فرۆشین''.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی، مایک پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ڕایگەیاندبوو ''وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف گه‌ره‌نتی دابوو به‌ به‌ریتانیا له‌وه‌ی ئه‌دریان ده‌ریا -١ نه‌چووه‌ بۆ سووریا، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی جێ متمانه‌مان لەبەردەستە كه‌ ئه‌و نه‌وت هه‌ڵگره‌ چووه‌ بۆ به‌نده‌ری تەرتوس (باکووری رۆژئاوا)ی سووریا''.