له‌ سێ مانگدا 100 كه‌س بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە ده‌ستگیركراون

تەنیا بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر 100 کەس دەستگیرکراون

ژیان: کەرکوک ناو

له‌ سنوری قه‌زای دوزخورماتوو، به‌كارهێنان و بازرگانی به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت و ته‌نیا له‌ سێ مانگدا 100 كه‌س ده‌ستگیركراون، كه‌ چه‌ند هێنده‌ زیاتره‌ له‌ ساڵی رابردوو.

به‌پێی ئامارێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دوزخورماتوو، له‌ سێ مانگی ئه‌مساڵدا، 100 كه‌س به‌ تۆمه‌تی بازرگانی و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركراون، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێی نیگه‌رانی ئیداره‌ و خه‌ڵكی قه‌زاكه‌.

نەعمان سابت، فەرمانده‌ له‌ هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "100 كه‌س ده‌ستگیركراون له‌ دۆسیه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و پلانی باشمان داناوه‌ تا ته‌واوی تۆمه‌تبارانی بازرگانی به‌و مادده‌یه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد"هاوڵاتیه‌كی زۆر له‌مشاره‌دا ئالوده‌ و بازرگانی به‌و مادده‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ بۆسه‌ و هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام بۆته‌ دیارده‌ و بنه‌بڕ نه‌كراوه‌".

فه‌رمانده‌كه‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا ده‌ڵێت به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی ئه‌وان؛ زۆربه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌برێنه‌ ناوخۆیی عیراق، ئه‌وه‌ش به‌ قاچاخ و له‌و رووه‌شه‌وه‌ قه‌زای دوزخورماتوو پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌.