دواین پێشهاتەكانی ململانێی ئەمەریكا و ئێران...


ژیان: سەنگەر سەید قادر

ئەمڕۆ لە پاریس گفتووگۆكانی فەرەنسا و ئێران شكستی هێنا بۆ پێدانی قەرزێكی ١٥ ملیار دۆلاری بە ئێران لە بەرامبەر رەهنكردنی نەوت و پاشەكشێ لە شكاندنی بەندەكانی ڕێكەوتنامەی ئەتۆمی.

لەبەرامبەردا حەسەن ڕۆحانی دەستپێكردنی قۆناغی سێیەمی شكاندنی بەندەكانی ڕێكەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند و بڕیارە ئاستی پیتاندنی یۆرانێۆم بگەیەنێتە سەدا٢٠% كە ئەمە بڕینی نیوەی ڕێگاكەیە بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی.

لەسەر ئاستی ئەمەریكاش وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا كۆمەڵێك سزای نوێی بەسەر ئەو گروپانەدا سەپاند كە هاوكاربوون لە بەقاچاخبردنی نەوتی و ئێران و سزای بەسەر ناوەندی ئاسمانی ئێرانیشدا سەپاند چونكە بەشداربووە لە پەرەپێدانی سیستەمی موشەكی.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئەمشەو ڕایگەیاند بەهیچ شێوەیەك سزاكانی سەر ئێران بەهەڵناگرن و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە  خراپی دۆخی ئابوری ئێران لە نیو سەدەی ڕابردودا هاوشێوەی نەبووە بۆیە ناچارن ڕێكەوتن بكەن ئێمەش ئەوەمان دەوێت و نامانەوێت دەسەڵاتی سیاسی ئێران بڕووخێنین.

بەڵام ئەوەی لە میدیادا و بە ئاشكرا دەوترتێت بەشێكی بچوكی ڕاستیەكانە و بەشێكی زۆر جەنگی دەرونیە یان. بۆ فریودان و هێمن كردنەوەی ڕایگشتیە، ئەگەرنا هەردولا بە باشی لە دۆخەكە تێدەگەن.

كەئەمەریكا دەیەوێت باڵ و پەنجەكانی ئێران كە بریتین لە حزبوڵا و حوسیەكان و میلیشیا چەكدارەكانی لە عێراق تێك بشكێنێت چونكە ئەوەی مەترسی گەورەیە بۆسەر ئەمەریكا و ئیسرائیل ئێران نیە، بەڵكو ئەو میلیشا  چەكدارانەیە كە ئێران لەشەڕی ناڕاستەوخۆدا بەكاریان دەهێنیت.

هەرچی ئێرانیشە ڕەنگە هاوشێوەی مانگی ئایار و حوزەیرانی ڕابردوو دۆخی عێراق و لوبنان و گەروی هورمز ئاڵۆزبكات، چونكە دۆخی ئابوری بەجۆرێك خراپە كە توانای خۆراگری نەماوە، بەڵام بەكارهێنانی كارتی پشێوی و ئاڵۆزی نانەوە لەلایەن ئێرانەوە بێ وەڵام نابێت و ئیسرائیل و ئەمەریكا دەستكراوە دەكات.