ترەمپ: دەرگاکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆحانی هەمیشە کراوەیە

حەسەن رۆحانی، دۆناڵد ترەمپ

ژیان:

سەرۆکى ئەمریکا دەرگاى کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێران بەکراوەیی هێشتەوە، لەچوارچێوەى کۆبوونەوەکانى داهاتووى کۆمەڵگەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک.

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی لە بارەی كۆبوونەوە لەگەڵ (ڕۆحانی) بە ڕۆژنامەنووسانی ووت: هەموو شتێك ڕێی تێدەچێت، بەڵام ناتوانم ئاماژە بە كاتێكی دیاریكراو بكەم لە بارەی چاوپێكەوتنم لەگەڵ حەسەن ڕوحانی، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەمریكا پێویستی بە هیچ ڕێككەوتنێك نییە لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا.

وتیشی، هەمیشە دەرگاکان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ رۆحانی کراوەیە و حەزدەکەن کێشەکان چارەسەربکەن و ئەگەریش بیانەوێت دەتوانن لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا تەواوی کێشەکان چارەسەربکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا كۆمەڵێك سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، لیستی سزاكانیشی گەیاندە زیاتر لە هەزارو ٢٠٠ كۆمپانیای ئێرانی و جیهانی كە تا ئێستا سزا دراون.