هۆكارەكانی شكانی لوت، نیشانە‌و چارەسەرەكانی


ژیان: دەروون جەبار

باوترین شكانەكانی لەش شكانی لووتە، ئەمەش حاڵەتێكی زۆر بەربڵاوە بەهۆی بەركەوتنی زەبری دەرەكیەوە رووئەدات لەئەنجامی كەوتن، بەهۆی رووداوی هاتوچۆ، شەڕكردن یاخود ئەو كەسانەی وەرزش دەكەن‌و دووچاری پێكان دەبن، زۆرجار لەگەڵ شكانی لووت خوێن بەربوون روودەدات‌و ئازاری زۆر دەبێت، پاشان دەبێتە هۆی هەڵئاوسان‌و شین بوونەوەی لووت یاخود خواربوونی لووت بەلایەكدا.

زۆزگ جەمال ئەمین، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری قوڕگ‌و لووت‌و گوێ‌و جوانكای لووت بۆ ژیان باس لەهۆكارەكانی شكانی لووت‌و نیشانە‌و چارەسەركانی دەكات‌و دەڵێت، هەر زەبرێك بەر لووت بكەوێت لەپێشەوە بێت یاخود لەلاوە بێت دەبێتە هۆی شكانی لووت، ئەوە ئەگەر ئێسك بێت یان كڕكڕاگە یاخود هەردووكیان، هەروەها نیشانەكانی شكانی لووت بریتین لەخوێن بەربوون‌و ئاوسانی زۆر‌و ئازار‌و هەندێكجار لووت گیران، بەڵام خوێن بەربوون لەحاڵەتێكەوە بۆ حاڵەتێكی تر دەگۆڕێت، هەندێكجار لەوانەیە خوێن بەربوون هەر نەبێت یان لەوانەیە خوێن بەربوونێكی مامناوەندی هەبێت یاخود خوێن بەربوونێكی زۆر كەپێویستە یەكسەر چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت.

باسی لەوەشكرد، زۆربەی كات لەدوای بەركەوتن توشی هەڵئاوسانێكی زۆر دەبن كەپزیشك بەشێویەكی وا ناتوانێت بڕیار بدات كەشكاوە یاخود نا.
لەسەر حاڵەتی شكانی لووت بەئازارەوە ئازارەكەی زۆرە كەتەنانەت هەر دەست لێدانێك بۆ ئەو لووتە زۆر بەئازارە، بەشێكی زەبر لەو حاڵەتانەی كەتووشی شكاوی دەبن‌و تووشی شكانی كۆڵەكەی لووت دەبن ئەو حاڵەتانە لووتگیرانی لەگەڵدا دەبێت‌و كێشە بۆ هەناسەدان دروست دەكات، ئەمەش دەكەوێتە بەر هێزی زەبرەكە‌و شێوەی بەركەوتنی زەبرەكە.

دكتۆر زۆزگ جەمال وتیشی، ئەو زەبرانەی كەبەر لووت دەكەون مەرج نیە خوێنبەربوون نیشانە بێت بۆ شكانی لووت، ئەگەر لووتەكە شكابێت بێگومان خوێن بەربوونی دەبێت هەندێكجار لووتەكە نەشكاوە، بەڵام خوێن لەبرینداربوونی ناوپۆشی لووتەوە دەبێت.

ئەو پزیشكە زیاتر جەختی كردەوە لەسەر ئەم نەخۆشیە‌و وتی "لەبەرئەوەی لووت ئەندامێكی هەستیارە‌و بەركەوتنەكەی زۆر بەئازار دەبێت هەندێكجار لەوانەیە هەستی بۆن نەكردنی بۆ دروست ببێت، بەڵام بەشێوەیەكی كاتی، هەندێك حاڵەتی شكانی لووت پێویستی بەچارەسەر نیە بەڵكو خۆی یەك دەگرێتەوە بەڵام هەندێك حاڵەتی شكان زۆر كەبەشەكانی لەیەك جیابووبێتەوە پێویستی بەنەشتەرگەری دەبێت، باوترین شكانەكانی لەش شكانی لووتە كەلەپیاواندا زیاتر روودەدات تا ژنان ئەویش بەهۆی چالاكی وەرزشی‌و پێكدادانی ئوتومبێل‌و چالاكی ئیشوكار، ئەو مامەڵەیەی كەلەگەڵ منداڵدا دەكرێت بەدەرنیە لەوەی كەلەگەڵ گەورەدا دەكرێت لەبەرئەوەی زۆرجار حاڵەتی شكانی لووت چ لەگەورەدا بێت یاخود لەمنداڵ دا پێویستی بەچارەسەری كتوپر هەیە، نەشتەرگەری لەم كەیسانەدا بەپێی پێویستیە ئەگەر هەر كەسێك پێویستی بەنەشتەرگەری هەبێت لەهەر تەمەنێكدا بێت دەكرێت بەتایبەتی ئەو كەسانەی كەتەمەنیان لەسەروو ١٨ ساڵەوەیە، نەخۆشیە درێژخایەنەكان هیچ پەیوەندیان نیە بەنەشتەرگەری لووتەوە تەنها كێشەكە لێرەدا پەیوەندی بەپزیشكی بێهۆشكارییەوەیە، كەئایا دەتوانێت بێهۆشی بكات یاخود نا بۆ ئەم نەشتەرگەرییە، ئەو كەسانەی كەنەخۆشی جیوبیان هەیە دوای حاڵەتی شكانی لووت لەوانەیە حاڵەتی جیوبیان زیاتر ببێت كەئەویش پەیوەندی بەگیرانی لووتەوە هەیە واتە ئەگەر ئەو كەسەی كەلووتی شكاوە لووت گیرانی لەگەڵدا بێت حاڵەتی جیوبەكەی زیاتر دەكات.

رونیشكردەوە، گرفتی هەناسەدان هەندێكجار دوای نەشتەرگەری جوانكاری لووت دروست دەبێت كەئەمیش پەیوەندی بەكەمكردنەوەی رێرەوی هەناسەدانەوە هەیە كەئەمە بەشێكە لەگرفتەكانی نەشتەرگەری.

بە قسەی ئەو پزیشكە، نەشتەرگەری جوانكاری لووت قاڵبێك دادەنرێت بۆ بەشی دەرەوەی لووت بەمەبەستی ڕاگیركردنی ئەو لووتە دوای نەشتەرگەری ئەو فۆڕمە تازەیەی كەبۆ لووتەكە كراوە ئەم قاڵبە پاش هەفتەیەك لادەبرێت، هەروەها هەندێك كەس تووشی هەستیاری دەبێت بەو قاڵبە یان ئەو پلاستەرەی كەدوای نەشتەرگەری بەكاردێت پەیوەندی بەهەستیاری پێستەكەوە هەیە بۆ ئەو قاڵبە وە چارەسەرەكەی پەیوەندی بەپزیشكی پێستەوە هەیە.

سەبارەت بەگرنگترین بنەما بۆ چارەسەرییەكانی ئەم نەخۆشیە دكتۆر زۆزگ وتی، چارەسەرییەكانی شكانی لووت بریتین لە:

فریاگوزاری سەرەتایی كەدەتوانرێت لەلەلایەن نەخۆش خۆیەوە بكرێت وەك بەرز كردنەوەی سەر، هەندێك بابەتی وەك سەهۆڵ‌و شتە ساردەكان بۆسەر لووت بەكارهێنانی حەبی ئازار وەك پاراسیتامۆڵ یان پڕۆڤین وەك حاڵەتێكی سەرەتایی.

لای پزیشكی چارەسەركار نەخۆشەكە سەیردەكرێت، هەندێك فەحسی لووتی بۆ دەكرێت لەلایەن پزیشكەوە ئەویش بەدەست لێدان تاوەكو ڕوون بێتەوە ئایا ئەم لووتە شكاوە یاخود نا، پاشان دەنێردرێت بۆ تیشكی (X-Ray) تاوەكو بزانرێت شكاویەكە هەیە لەتیشكەكە یاخود نا ئەگەر لووتەكە شكابوو، بەڵام بەهۆی ئاوسانی زۆرەوە ناتوانرێت هیچ بۆ نەخۆشەكە بكرێت، بەڵام دەنێردرێتەوە پاش هەفتەیەك پێویستیە سەردان بكاتەوە.

هەروەها لەدوای حەوت رۆژ لەسەردان كردنەوە بۆلای پزیشكی چارەسەر ئەگەر شكاویەكە كەم بوو پزیشكەكە دەتوانێت لەژێر بێهۆشكاری لۆكاڵی (بەنجی موزوعی) پارچە شكاوەیەكە بباتەوە شوێنی خۆیی، بەڵام ئەگەر شكاویەكە زۆربوو ئەوا پیویستی بەنەشگەرگەری جوانكاری لووت‌و هەندێك جار راست كردنەوەی كۆڵەكەی لووت دەبێت.


پرۆفایل
زۆزگ جەمال ئەمین
پسپۆڕی نەشتەرگەری قوڕگ‌و لووت‌و گوێ‌و جوانكاری لووت
٢٠٠٢-٢٠٠٣ دەرچووی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی
٢٠١١-٢٠١٢ ماستەر لەپسپۆڕی قوڕگ‌و لووت‌و گوێ‌و جوانكاری لووت
پسپۆڕی قوڕگ‌و لووت‌و گوێ‌و جوانكاری لووت لە نەخۆشخانەی شۆڕش