مەنسوور بارزانی نیگەرانەو كوردستانی جێهێشتووە

لەسەر پێنەدانی پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش
مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانی

ژیان: تایبەت

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست ژیان كەوتووە، مەنسوور بارزانی دووەم كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی‌و فەرماندەی لەشكری گوڵان داوای كردووە لەشوێنی مەسرور بارزانی، بكرێتە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش. بەڵام مەسعود بارزانی باوكی رەتی كردووەتەوە ئەو پۆستەی پێبدات.

مەنسور بارزانی لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتەو نیگەران بووە لەهەڵوێستی باوكی كەرێگە نادات بكرێت بەراوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم. 

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ژیان ئاشكرای كرد، دوو بۆچوون لەناو بنەماڵەی بارزانی هەیە لەسەر پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، بۆچونێكیان ئەوەیە كەسێكی بنەماڵەی مەسعود بارزانی بكرێتە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەمەشیان بڕیاری كۆتایی لەسەر وەیسی بارزانییە كەلەئێستادا بەرپرسی دژە تیرۆری ئەنجومەنی ئاسایشە، بەڵام بۆچونێكی دیكە هەیە دەوترێت كەسێك لەدەرەوەی بنەماڵەی بارزانی بكرێتە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ پێشنیاری دووەم خودی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پشتیوانی دەكات. 

ئامانجی مەسرور بارزانی لەپشتیوانیكردنی ئەو پێشنیارەی كەسێك لەدەرەوەی بنەماڵەی بارزانی بكرێتە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەیە بتوانێت پێگەی خۆی زیاتر بەهێز بكات‌و شێوازی دەسەڵاتی بنەماڵەش لەم رێگەیەوە دیاری دەكرێت.

پشتیوانی نەكردنی مەسعود بارزانی بۆ مەنسور بارزانی دووەم كوڕە گەورەی تا ببێتە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش پەیوەندی بەدیاریكردنی میراتی سیاسی ئەو بنەماڵەیە، ئەگەر بێت‌و بارزانی رەزامەندی لەسەر داواكەی مەنسوور بارزانی نیشان بدابایە ئەو كات دەسەڵات لەنێو ئەو بنەماڵەیە شێوەیەكی ئاسۆیی وەردەگرت نەك ستونی.

مەسرور بارزانی دەیەوێت میراتی دەسەڵاتدارێتی لەنێو بنەماڵەكەی بەشێوەی ستوونی بێت واتا لەباوكەوە بۆ كوڕ نەك لەكوڕەوە بۆ برا.

چۆن مەسرور بارزانی لەدوای مەسعود بارزانی باوكی دەسەڵاتداری یەكەمە، بەهەمان شێوە ئێستا مەسرور بارزانی ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی ئارینی كوڕی لەدوای ئەو دەسەڵاتداری یەكەم بێت. بۆ ئەم خواستەش مەسعود بارزانی باوكی هەموو ئاسانكارییەكی بۆ دەكات.