سوریا لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و تورکیا هاتە دەنگ

ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆ_ سوریا

ژیان:

حکوومەتی سوریا لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی تورکیا و ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ و دەڵێت، سەروەری خاکی وڵاتەکەمانیان پێشێلکردووە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سوریا ئیدانەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیای کرد و بەپێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتەکەی لەقەڵەمدا.

پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکاو تورکیا لەسنورەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا راگەیەندراوێکی رەسمی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا، جگەلە پێشیلکردنی سەروەری خاکەی وڵاتەکەی، هاوکات ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا مەترسی بۆ یەکگرتویی خاکی وڵاتەکەی دروستدەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە،  تانک و زرێپۆشەکانی سوپای تورکیا لەناوچەی باکوری سوریاوە لەنزیک ناوچەی تەل ئەبیەز پرۆسەی گەڕان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیان دەستپێکرد بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمریکیەکان.