عەمید سالار عەبدوڵا بۆ ژیان: لە ئێستادا دەتوانین راستكردنەوەی پاسپۆرت ئەنجامبدەین

عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی

ژیان: شیلان‌و هیوا

عەمید سالارعەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، ئەو هاوڵاتییانەی لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانن دەتوانن كێشەی راستكردنەوەی پاسپۆرت لەسلێمانی ئەنجامبدەن.

عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی بۆ ژیان وتی "هەر هاوڵاتیەك لەدەرەوەی كوردستان‌و عێراق كێشەی پاسپۆرتی هەبێت دەتوانێت لەسلێمانی راستكردنەوەی بۆ بكرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای گەیاندنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتییان، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییان نەچن بۆ بەغداد‌و رووبەڕووی كێشەی جۆراوجۆر نەبن، هەوڵماندا لەسەر پەیامی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، نووسراومان بۆ پارێزگای سلێمانی، سەرۆكایەتی كۆمار‌و وەزارەتی دەرەوەی عێراق كرد بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەی پشتڕاستكردنەوە لەسلێمانی بكرێتەوە‌و هاوڵاتییان نەچن بۆ بەغداد‌و چیتر تووشی كێشە نەبنەوە. بەخۆشحاڵییەوە توانرا رەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەی پشتڕاستكردنەوە لەسلێمانی وەربگیرێت. 

سەدان هەزار هاووڵاتی كورد لەكردنەوەی نوسینگەی راستكردنەوەی پاسپۆرتی سلێمانی سوودمەند دەبن

ئەم نووسینگەیە لەوەزارەتی دەرەوە لەبەغداد‌و بەسرە بوونی هەیە، لە ئێستاشدا هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەتوانن لەسلێمانی راستكردنەوە بۆ پاسپۆرتەكانیان ئەنجامبدەن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نووسراوێكی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە‌و ئەم نوێنەرایەتییە هەمان نووسراوی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەهەولێر كردوە بۆ ئاگاداربوون لەكردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لەپارێزگای سلێمانی.

عەمید سالار باسی لەوەشكرد، ئاگادارین كەسەدان هەزار هاووڵاتی كورد لەدهۆك، سلێمانی، خانەقین، كەركوك، دیالە، بەعقوبە، ئەمەریكا‌و ئەوروپا یاخود هەرشوێنیكی تر رووبەڕووی كێشەیەك دەبنەوە لە راستكردنەوەی پاسپۆرت، بەكردنەوەی ئەم نوسینگەیە كێشەكانیان لەسلێمانی چارەسەر دەكرێت.

ئەم نووسینگەیە سەر بەوەزارەتی دەرەوەی عێراقە‌و لەلایەن ستافێكی وەزارەتی دەرەوە كارەكان ئەنجامدەدات، لەلایەن پاسپۆرتی سلێمانی ماوەی هەشت مانگ كارلەسەر كردنەوەی ئەم نوسینگەیە كراوە.

عەمید سالار ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك هاوڵاتیەك گەشت دەكات‌و دەچێتە فڕۆكەخانەكان پێویست ناكات بچێتە بەردەم كارمەندی تایبەتی پاسپۆرت، بەڵكو خۆی دەچێتە بەردەم ئامێرەكە‌و پاسپۆڕتەكەی لەسەر دادەنێت بۆ ئەوەی ئامێرەكە بیخوێنێتەوە، ئەگەر هاوڵاتییەكە هیچ كێشەیەكی نەبوو دەرگاكەی بۆ دەكرێتەوە‌و دەچێتە ژوورەوە. پێویست ناكات لەبەشی هاتن‌و رۆیشتن مۆر لەپاسپۆڕتەكە بدرێت، هەركاتێك كێشەیەك لەپاسپۆڕتەكە بینرا، كارمەندی پاسپۆڕت لێپرسینەوەی لێدەكات‌و كێشەی بۆچارەسەر دەكات.  هەروەها بەبڕگەی دووەمی ئەم پڕۆسەیە كە پێكهاتووە لەپەڕەكانی پاسپۆڕت، بۆ نموونە هەر پەڕەیەكی پاسپۆڕتی ئەمەریكا، شوناسی ویلایەتێكی ئەمەریكایە، بەهەمانشیوە پاسپۆڕتی عێراقیش دەگۆڕدرێت واتا هەر پەڕەیەكی شوناسی شارەكانی عێراقی لەسەردەبێت. بۆ نموونە لەوانەیە لەپەڕەی پارێزگای هەولێر وێنەی قەڵای هەولێری لەسەر بێت كە شوناسی پارێزگاكەیە، پەڕەی پارێزگای دهۆك وێنەی پردی دەلانی لەسەربێت یان پەڕەی پارێزگای هەڵەبجە وێنەی مۆمێنتی هەڵەبجەی لەسەربێت.

سەبارەت بەپاسپۆرتی ئەلیكترۆنیش وتی"ئەو كەسانەی كەپاسپۆڕتیان نییە‌و دەیانەوێت بۆ یەكەمجار پاسپۆرت دەربهێنن، پاسپۆڕتی ئەلیكترۆنییان پێ دەدرێت، ئەو كەسانەی كەپاسپۆڕتەكانییان ماوەكەی بەسەرچووە یان نزیكە لەوەی كەبەسەرچێت ئەوانیش پاسپۆڕتی ئەلیكترۆنییان پێدەدرێت، هەروەها ئەو كەسانەی كە خۆیان داوادەكەن پاسپۆڕتەكەیان بگۆڕن.

لەپاسپۆرتی ئەلیكترۆنی كێشەی ساختەكردنی پاسپۆرت چارەسەر دەكرێت

بەقسەی عەمید سالار، بە ئەلیكترۆنیكردنی پاسپۆرت، رێگرە لەپاسپۆرتی ساختە، چونكە ئەم پاسۆڕتە زۆر پێشكەوتووە هاوشێوەی پاسپۆڕتی وڵاتانی سوید‌و فینلاند، زانیارییەكی زۆری لەسەرە‌و بەشێوازی جۆراوجۆر ڕێگری كراوە لەساختەكردنی پاسپۆرتەكە. 

لەئێستادا روانین لە پاسپۆرتی عێراق وەك گاڵتەو گەپ سەیردەكرێت لەوەی لەدواوەی ریزبەندی باشترین پاسپۆرتەكانی وڵاتانە، لەم بارەوە عەمید سالار ئاشكرای كرد، بڕگەی یەكەمی ئەم كێشەیە پەیوەستە بەخودی پاسپۆڕتەكەوە‌و بڕگەی دووەمیش پەیوەستە بەوڵاتەكە. بەجۆرێك كوالێتی ئەم پاسپۆرتەی ئێستا زۆر خراپە، واتا بەڕادەیەك خراپە كەئەگەر دڵۆپێك باران لێیبدات تێكدەچێت، هەربەم هۆیانەیە كەدەتوانرێت بەئاسانی تەزویری تێدابكرێت، لەپاسپۆرتی ئەلیكترۆنیدا ئەم بڕگەیە چارەسەر دەكرێت، هەروەها بڕگەی دووەم كەپەیوەستە بەوڵاتەكە، ئەمەش پەیوەستە بەلایەنی سیاسی، ئابووری‌و كۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە كە كاریگەری لەسەر پێگەی ئەم وڵاتە بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر دادەنێت.