ئەو ژنەی بە فڕۆکە لەگەڵ ئەسپەکەی گەشتی کرد

دیمەنێک لە وێنەی خانمەکە و ئەسپەکەی لەناو فڕۆکە

ژیان: لوقمان غه‌فوور

له‌ناكاو سه‌رنشینانی هێڵی كۆمپانیای فرۆكه‌وانی ئه‌مریكا له‌ شیكاگۆ، گه‌شتیارێكی سه‌رسوڕهێنه‌ریان له‌ فرۆكه‌خانه‌ی ئۆهێر-ی نێوده‌وڵه‌تی بینی به‌ خۆی و ئه‌سپه‌ بچكۆله‌كه‌یه‌وه‌ خۆی كرد به‌ناو فرۆكه‌خانه‌و له‌وێوه‌ پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ ناو فرۆكه‌كه‌وه‌ بۆ گه‌شتكردن.

ڕۆژی 7ی سێبتێمبه‌ر خاتوو ئیبرا هێنسلی له‌ شیكاگۆ-ه‌وه‌ گه‌شتی كرد بۆ شاری ئۆماها-ی ویلایه‌تی نبراسكا. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ ناو فرۆكه‌خانه‌كه‌ سه‌رنجی تێكڕای خه‌ڵكی ناو فرۆكه‌خانه‌كه‌ی به‌لای خۆیدا ڕاكێشا.

دوای گه‌یشتنی به‌خاڵی پشكنین، ده‌ركه‌وت كه‌ هێنسلی، ئه‌سپه‌ بچكۆله‌ ته‌مه‌ن 7 ساڵه‌كه‌ی ناوی فیلیرتی-یه‌ و كێشه‌كه‌ی 135 پاوه‌نده‌، هه‌روه‌ها پاسپۆرتی ئه‌مریكی هه‌یه‌ وه‌ك هاورێیه‌كی خزمه‌تگوزار هاوڕێیه‌تی ئه‌و خاتوونه‌ ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانی راگه‌یاندن، هێنسلی دوای ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی خه‌مۆكی ده‌بێت، پاش چاره‌سه‌ركردن ئه‌م ئه‌سپه‌ بچكۆله‌یه‌ی كردووه‌ به‌هاورێی خۆیی و بۆ هه‌موو شوێنێك گه‌شتی له‌گه‌ڵ ده‌كات و ده‌روونی پێ هێورئه‌بێته‌وه‌.

كۆمپانیای فرۆكه‌وانی-یه‌كه‌ش به‌ میدیاكانی راگه‌یاندووه‌ خۆشحاڵ بوون به‌ بینین و ئاماده‌یی فیلیرتی له‌ناو فرۆكه‌خانه‌و فرۆكه‌كه‌یان و تێكڕای تیمی فرۆكه‌كه‌ش وێنه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌سپه‌ بچكۆله‌كه‌ گرتووه‌ و بۆ یادگاری لای خۆیان هێشتویانه‌ته‌وه‌.

به‌پێی یاسای وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مریكی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی ده‌روونی یان كه‌مئه‌ندامن و ئاژه‌ڵ وه‌ك هاورێ و هاوكار خزمه‌تیان ده‌كات، ئه‌وا بۆیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیاندا بێت له‌ هه‌موو شوێنه‌ گشتییه‌كانی وه‌ك سوپه‌ر ماركێت و بازار و فرۆكه‌خانه‌ و به‌رێوه‌به‌رێتییه‌كان جگه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كان نه‌بێت.

سەر‌چاوه‌: رۆژنامه‌ی زه‌ سته‌ریتس تایم