پارتی داوای دواخستنی كۆنگرەی لە كۆمسیۆن كردووە

پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆییانەوە هەیە
مەسرور و نێچیرڤان بارزانی

ژیان: تایبەت

لەدنیای دیموكراسی بەستنی كۆنگرە بۆ گۆڕانكاری‌و نوێبوونەوەیە لەئۆرگانە باڵاكانی حیزبەكان، بەڵام لەكوردستان پێچەوانەی دنیا، كۆنگرە كەمترین گۆڕانكاری لەو ئۆرگانانە دروستدەكات‌و سەرەڕای ئەوەش ململانێی توند لەنێوان سەركردەكانی حیزبەكان دروست دەكات.

ململانێكان لەناو حیزبەكان بەشێوەیەك دەبێت، كۆنگرە دەكرێتە دەرفەتێكی باش بۆ تەسفییە حساباتی یەكتری، بەتایبەنی لەنێوان ئەو سەركردانەی ركابەری یەكتری دەكەن، كەئەو دیاردەیە لەناو زۆربەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.

پارتی دیموكرات وەك گەورەترین حیزبی هەرێمی كوردستان لەئێستادا لەبەردەم بەستی كۆنگرەیە، كەسەرەتا بڕیاربوو كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە ببەسرێت، بەڵام بەهۆی ململانێ‌ ناوخۆییەكان چارەنووسی بەستنی كۆنگرەكە بەنادیاری ماوەتەوە.

مەسرور بارزانی لەرێگەی پۆستی سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی بەهێز بۆ گۆنگرە دروست بكات

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی دیموكرات بۆ ژیان ئاشكرایكرد، پارتی بەفەرمی داوای لەكۆمسیۆن كردووە، رێگەی پێبدات بۆ ماوەی 10 مانگ تا ساڵێك كۆنگرەی چواردەمی دوابخات.

سەرچاوەكە ئاگادارەكە ئاشكراشیكرد، هۆكاری ئەو داواكارییەی پارتی پەیوەندی بەو ململانێ ناوخۆییانەوە هەیە، كەئێستا لەنێوان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە هەیە.

ماوەیەكی زۆرە ململانێ لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی هەیەو بەم دوایانە ململانێكانیان توندبووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەكەمیان پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و دووەمیان پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت.

داواكارییەكەی پارتی بۆ دواخستنی كۆنگرەی چواردەیەمی لەكاتێكدایە، كۆمسیۆن ئەو حیزبەی ئاگاداركردووەتەوە، پێش ئەندامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەساڵی داهاتوو كۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام ململانێكان ئەوەندە توندن، پارتی ناوێرێت خۆی لەقەرەی كۆنگرە بدات، ئەمە جگە لەبەدەستهێنانی چەند ئامانجێكی تر بەهۆی ئەو دواخستنەوە.

كۆنگرەی كەوتنی نێچیرڤان بارزانی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكایەتی ئاراستەیەكی بەهێزی ناو پارتی دەكات، ئەو ئێستا ترسێكی زۆری هەیە بەوەی مەسعود بارزانی خۆی كاندید نەكات بۆ پۆستی سەرۆكی پارتی، بەو پێیەی دڵنیایە لەدوای بارزانی پۆستی سەرۆكی پارتی بۆ ركابەرەكەی مەسرور بارزانی دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی ترسی ئەوەشی هەیە، بەهاتنە سەر دەسەڵاتی مەسرور بارزانی ئیتر كۆتایی بەدەسەڵات‌و هەژموونی لەناو پارتی بێت، بۆیە خواستی مانەوەی مەسعود بارزانی هەیەو پشتگیری مانەوەشی بۆ خولێكی نوێی سەرۆكایەتی پارتی دەكات.

خواستی نێچیرڤان بارزانی بۆ مانەوەی مامی لەدەسەڵاتی پارتی لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانی ئامادەكاری دەكات، بۆ ئەوەی دەسەتبەرداری پۆستەكەی ببێت‌و چ لەناو پارتی، چ لەهەرێمی كوردستان وەك مەرجەعێك سەیر بكرێت، نەك تەنیا وەك سەرۆك حیزبێك.

كۆنگرەی داهاتووی پارتی دەبێتە سەرەتایەك بۆ كۆتایی نێچیرڤان بارزانی

مەسعود بارزانی، لەساڵی 1979وە سەرۆكایەتی پارتی دەكات‌و زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، ماوەیەكە خواستی ئەوەی لا دروست بووە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پارتی بێت‌و جێگرەیەكی بەهێز بۆ خۆی دابنێت.

لەگەڵ ئەو خواستەی بارزانی رۆژ بەرۆژ هێڵی جیاوازو ململانێكانی ئاراستەكانی ناو پارتی زیاتر دەبن، بەشێوەیەك ئاراستەی مەسرور بارزانی بەتوندی دژایەتی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەكات‌و ململانێكانیان رۆژ بەرۆژ توند دەبێت‌و رەنگە كۆنگرە ببێتە خاڵی یەكلاكەرەوەی نێوانیان.

لەرووكەشدا وا دەردەكەوێت، ململانێكانی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی لەسەر دەسەڵاتی حكومڕانی بێت لەهەرێمی كوردستان، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە، ئەوان لەئێستاوە شەڕی پۆستی سەرۆكی پارتی دەكەن‌و جێگرەوەی بارزانی دەكەن، ئەوەش زیاتر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی نیگەران كردووە، كەرەنگە دوای دووركەوتنەوەی بارزانی لەپۆستی سەرۆكی پارتی، ململانێكان بەئاراستەی تردا بڕۆن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ دامەزراوە تائێستا ١٣ كۆنگرەی بەستووەو لەساڵی ١٩٤٦بۆ ١٩٧٩مەلا مستەفا سەرۆكی حیزب بووەو لەساڵی ١٩٧٩وە تائێستا مەسعود بارزانی سەرۆكە، كەلەسەرجەمی كۆنگرەكان ئەو سەرۆكانە بێركابەر هەڵبژێراون‌و ئەو پۆستە زۆر كێشەی لەسەر نەبووە.

دواین كۆنگرەی پارتی، كەكۆنگرەی سیانزە بوو، لەرۆژانی ١١تا ١٨ی١٢ی ٢٠١١ لەهەولێر ئەنجامدراو هەر لەكۆنگرە، كەسێك هەستایەوەو وتی: "پێشڕەوی كورد پارتییە، سەرۆكمان بارزانییە"، بەوەش بە چەپڵەرێزان‌و بەبێ دەنگدان مەسعود بارزانی بەسەرۆكی پارتی هەڵبژێرایەوەو دواتر ئەویش نێچیرڤان بارزانی بەجێگری دیاریكرد.
بەڵام ئێستا ئاماژەكان وا ناڵێن‌و رەنگە ئەم كۆنگرە بۆ سەرۆكایەتی پارتی ركابەرییەكی توند هەبێت‌و ركابەرییەكەش لەنێوان مەسرورو نێچیرڤان دەبێت‌و ئەوەی دووەمیش كەمترین چانسی هەیە بۆ بردنەوەی ركابەرییەكەو رەنگە كۆنگرە ببێتە سەرەتایەك بۆ كۆتاییهاتنی دەسەڵاتەكانی لەناو پارتی.

مەسرور بارزانی ئامادەكاری دەكات

بەروونی دیارە مەسرور بارزانی خواستێكی زۆری هەیە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی یەكەمی پارتی‌و جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی باوكی، بەڵام هێشتا پێویستی بە پاڵپشتییەكی زۆرتر هەیە، تا ئەوەی لەكاتی وەرگرتنی دەسەڵات بتوانێت رووبەڕووی ركابەرە بەهێزەكەی‌و كێشەكان بە باشی ببێتەوە.

مەسرور بارزانی ئێستا دەیەوێت لەرێگەی پۆستی سەرۆكی حكومەت ئەو پاڵپشتە بەهێزەی دەیەوێت بۆ خۆی دروستی بكات، هەروەها لەو رێگەیەشەوە ئەوە پیشانی پارتییەكان‌و تەنانەت خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بدات، كەدەتوانێت لەدەسەڵات گۆڕانكاری بكات، كەئەمەش هۆكارێكی ترە لەو هۆكارانەی پارتی نایەوێت بەم نزیكانە كۆنگرە ببەستێت، تا كاتی زیاتر لەبەردەم مەسرور بارزانی بێت، كەمەسعود بارزانی بەتەواوی پشتگیری ئەو خواستە دەكات.

پلانی مەسرور بارزانی بۆ كۆنگرەی پارتی ئەوەیە، چوار سەد ئەندام بباتە كۆنگرەی داهاتوو، كەئەو كەسانە لەناو لەبارەگای بارزانی‌و ئەنجوومەنی ئاسایش‌و دژەتیرۆر‌و ئاسایشی ھەرێم‌و رێكخستنە جیاوازەكانی پارتی كار دەكەن‌و كەسانی متمانەپێكراوی مەسرور بارزانین‌و دەنگی یەكلاكەرەوەی ناو كۆنگرەش دەبن

بەپێی زانیارییەكان بۆ ئەو مەبەستە مەسرور بارزانی بەنیازە لەڕێگای پلانێكی تایبەتەوە لەكۆنگرەی پارتی كودەتایەك بەسەر نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایدا بكات‌و بیكاتە دوا وێستگەی ململانێكانی نێوانیان، وەك چۆن لەو ماوەیەی لەپۆستی سەرۆكی حكومەت كردی‌و زۆربەی نزیكەكانی نێچیرڤانی لەئەنجوومەنی وەزیران دورخستەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پلانەكەی مەسرور بارزانی بۆ كۆنگرەی پارتی ئەوەیە، چوار سەد ئەندام بباتە كۆنگرەی داهاتوو، كەئەو كەسانە لەناو لەبارەگای بارزانی‌و ئەنجوومەنی ئاسایش‌و دژەتیرۆر‌و ئاسایشی ھەرێم‌و رێكخستنە جیاوازەكانی پارتی كار دەكەن‌و كەسانی متمانەپێكراوی مەسرور بارزانین‌و دەنگی یەكلاكەرەوەی ناو كۆنگرەش دەبن.

پلانەكەی مەسرور بارزانی لەلایەن یەكەیەكی تایبەتی پاراستنی پارتی سەرپەرشتی دەكرێت‌و لەئێستاوە دەستیان بەئامادەكاری كردووە، كەئامانجی یەكەمیان لێدانە لەو سەركردانەی لەنێچیرڤان بارزانییەوە نزیكن، بۆ ئەوەی لەكۆنگرە رۆڵیان نەمێنێت.

دیارترین ئەو كەسانەی لەناو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی لەنێچیرڤان بارزانی نزیكن، بریتین لەفازڵ میرانی ‌و عارف تەیفورو كەریم سنجاری‌و ئازاد بەرواری‌و مەسعود ساڵەیی‌و ڕەمزی شەعبان‌و مەحمود محەمەد، كەمەسرور بارزانی دەیەوێت جارێكی تر لەكۆنگرە بۆ سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی هەڵنەبژێرێنەوە.

لەبەرانبەر ئەوەدا چەند كەسێكی دیاریكردووە، بۆ ئەوەی دەنگی زۆرینەی كۆنگرە بن‌و ببنە ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی لەدیارترینیان ڕێبەر ئەحمەد‌و عەلی تەتەرو عەلی عەونی‌و ھێمن ھەورامی‌و ھیوا گەیلانی‌و بەسام عەلی‌و ئالان حەمەسەعید‌و سەربەست لەزگین‌و ھەڤاڵ كرمانج.

مەسرور بارزانی بەم هەنگاوەی دەیەوێت كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی دووربخاتەوە، بۆ ئەوەی لەداهاتوو پشتگیرییەكی وەهای نەمێنێت‌و ببێتە هۆی لاوازبوونی.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كەئەم هەنگاوانەی مەسرور بارزانی زۆرینەی سەركردەكانی پارتی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی نیگەران كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتگیرییەكی بەهێزی مەسعود بارزانی هەیە ناتوانن هیچ هەنگاوێكی لەدژ بگرنە بەر.