گۆڕان، لەبەرەنگاربوونەوەی پارتییەوە بۆ باوەشی بارزانی

گۆڕان، هەنگاونان بەرەو بچووكبوونەوەی زیاتر
خواستی جەماوەری گۆڕان هەرچییەك بێت، دەسترۆیشتووەكانی پێچەوانەكەی جێبەجێدەكەن

ژیان: بیلال حاجی

بزووتنەوەی گۆڕان لەچەند رۆژی داهاتوو، لەرێگەی دەزگایەكی ناوخۆیی خانەی راپەراندن‌و رێكخەری گشتی هەڵدەبژێرێت كەئەو دەزگایە خۆی ماوەی كاركردنی بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەكە بەسەرچووە. 

لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە تا ئەم ساتە تەواوی ئەوانەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە رەخنەیان لەبە بنەماڵەیكردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەگرت، هەر یەكەو بەبیانوییەك لەبزووتنەوەكە دوورخرانەوە. 

بزووتنەوەی گۆڕان لەئێستادا دەتوانین دابەشی بكەین بۆ پێنج گروپی سەرەكی كەلەئێستادا هەر یەكەیان خۆیان بەخاوەنی رێبازی نەوشیروان مستەفا دەزانن.

گروپی یەكەم: كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا

كورەكانی نەوشیروان مستەفا، گروپی یەكەم‌و بڕیار بەدەستی كۆتایین لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا.

هەنگاوی یەكەمی ئەو گروپە لەوەوە دەستی پێكرد بەپشت بەستن بەیاسا كارپێكراوەكانی هەرێم‌و دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا راستەوخۆ دەستیان گرت بەسەر تەواوی سەروەت‌و سامانی بزووتنەوەی گۆڕان.

كورەكانی نەوشیروان مستەفا، گروپی یەكەم‌و بڕیار بەدەستی كۆتایین 

تەواوی موڵك‌و ماڵی بزووتنەوەی گۆڕانیان بەناوی خۆیانەوە كرد. ئەم هەنگاوەش یەكەمین هەنگاو بوو كەنارەزایی زۆری لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕاندا لێكەوتەوە. سەرەكیترین ئەو موڵك‌و ماڵەی بەناوی نەوشیروان مستەفاوە بوو بریتی بوو لەكۆمپانیای گاسن‌و زەویی گردی زەرگەتە. 

بەپێی بەڵگە یاساییەكان چەندینجار نەوشیروان مستەفا لەدیداری تەلەفزیۆنی‌و بەئاشكرا ئەوەی راگەیاند تەواوی ئەو موڵك‌و ماڵەی هەیە هی بزووتنەوەی گۆڕانە نەك خودی خۆی. بەڵام كوررەكانی نەوشیروان مستەفا بێ گوێدانە قسەكانی نەوشیروان مستەفا‌و بەپشتگیری گروپێك لەكەسە نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا‌و تەواوی بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا ئەو موڵك‌و ماڵەیان كرد بەناوی خۆیانەوە. ئەگەرچی لەئێستادا تەواوی كەس‌و كاری نەوشیروان مستەفا بەبراكانی‌و كەسە نزیكەكانی دیكەیەوە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و كورەكانی نەوشیروان مستەفا نیگەرانن.

ئەو گروپە بەشت بەستن بەبەشێكی خانەی راپەراندنی ئێستا‌و رێكخەری گشتی تەواوی كاروبارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێوە دەبەن‌و بڕیاری یەكەم‌و كۆتایی لەبارەی رێككەوتن‌و رێككنەكەوتن لەگەڵ هێزەكانی دیكەیان لەدەستدایە.

گروپی دووەم: عوسمانی حاجی مەحمود‌و قادری حاجی عەلی

هەر یەك لەعوسمانی حاجی مەحمود‌و قادری حاجی عەلی دوو سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان بوون لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا. دەوترێت نەوشیروان مستەفا تا دڵنیا نەبووە لەوەی عوسمانی حاجی مەحمود دێتە پاڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاری نەداوە گۆڕان وەك قەوارەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمار بكات لەساڵی 2009.

بەدوای ئەودا قادری حاجی عەلی دێت كەبەسندوقە رەشەكەی گۆڕان ناسراوەو زۆربەی ئەو هەڵمەتە ئیعلامییانەی كەبەسەردەمی زێرینی بزوتنەوەی گۆڕان دادەنرێن لەلایەن قادری حاجی عەلییەوە سەرپەرشتی كراون.

ئەو دوو كەسە لەئێستادا هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانی گردەكە نییە. 

زۆرجار لەمیدیاكانەوە هەواڵی ئەوە بڵاو دەبێتەوە كەهەر یەك لەو دوو سەركردەیەی بزووتنەوەی گۆڕان بەنیازن حیزبێكی نوێ دروست بكەن‌و بتوانن سود لەهەموو دەنگە تۆراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرن، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی ئەو نیازەی خۆیان رانەگەیاندووە، رەنگە ئەگەر مەبەستیشیان بێت حیزبێكی نوێ رابگەیەنن لەكاتێكدا حیزب رابگەیەنن كەكوردستان نزیك ببێتەوە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. ئەو گروپە زۆربەی سەركردە نارازییەكانی بزووتنەوەی گۆڕانیان لەگەڵدایە، لەهەمان كاتدا جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕانیش باوەڕی بەبۆچوونەكانی ئەوان هەیە.

گروپی سێیەم: سەركردە گەنجەكان

كۆمەڵێك لەسەركردە گەنجە نارازییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كەلەئێستادا لەبەرپرسیارێتین لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بەڵام بەسیاسەتەكانی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا‌و ئەو گروپە رازی نین، بەڵام بەهۆی بوونی بەرژەوەندی‌و موچەی حكومی دەستبەرداری بزووتنەوەكە نەبوون. 

گروپی چوارەم: خزمەكانی نەوشیروان مستەفا

تەواوی ئەندامانی خانەوادەی نەوشیروان مستەفا، لەسیاسەتەكانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانن. بەتایبەت كەكورەكانی نەوشیروان لەپێناو ئەوەی خەڵك نەڵێت بزووتنەوەی گۆڕان بەبنەماڵەیی بووە، تەواوی كەسە نزیكەكانی بێ بەش كردووە لەهەرچی پلەو پۆستی ناو بزووتنەوەی گۆڕان. كەرەنگە بەشێكیان بەحەقی خۆیان بتوانن پۆست وەربگرن. بەڵام كورەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی دەست بەسەرداگرتنی خۆیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بشارنەوە ئەو كەسانەیان ئیهمال كردووە.

 گروپی پرۆ پارتییەكان مەترسیدارترین گروپن لەسەر داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان

گروپی پێنجەم: گروپی پرۆ پارتییەكان

ئەم گروپە مەترسیدارترین گروپن لەسەر داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان. چونكە ئەو گروپە توانیویانە خاوەنی بەهێزترین پەیوەندی بن لەگەڵ گروپی یەكەم‌و بەدرووستكردنی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بزووتنەوەی گۆران بكەن بەهێزێكی دەستەمۆی پارتی.
سەرەكی ترین رەمزەكانی ئەو گروپە هەر یەك لەعەلی حەمە ساڵح‌و دكتۆر یوسفن. ئەو گروپە پێیان وایە بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا باشترین پەیوەندی هەبێت. 

هەوڵەكانی عەلی حەمە ساڵح بەپشتگیری دكتۆر یوسف هێندە گومانەوین، كار گەیشتۆتە ئەوەی چەند جارێك لەلایەن چەند ئەندامێكی جفاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە تۆمەتی ئەوەیان ئاراستە بكرێت كەئەوان لەناو بزووتنەوەی گۆرانەوە كار بۆ بەرژەوەندییەكانی پارتی دەكەن.

دكتۆر ئیسماعیل نامیق لەوتارێكیدا لەبارەی كەمبوونەوەی ژمارەی كورسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەوردی ئاماژەی بەكارەكانی پرۆ پارتییەكان كردو باسی لەوە كردووە ئەو كەسانە تا ئێستا نازانرێت لەبەرامبەرچی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆریان بۆ پارتی درێژكردەوەو لەهەمانكاتیشدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان بۆ پارتی هەڵپەسارد. 

پێدەچێت پرۆ پارتییەكان بەتەواوی دەستیان بەسەر دوو كورەكەی نەوشیروان مستەفا گرتبێت‌و چەند جارێكیش دوور لەچاوی میدیاكانەوە دوو كورە گەورەكەی نەوشیروان مستەفایان بردووە بۆ لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی. 

ئەوەی ئێستا دەبینرێت بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی ئاشكرای لەگەڵ پارتی هەیەو لەبەرامبەر ئەو رێككەوتنە پارتی چەندین پۆستی داوە بەبزووتنەوەی گۆڕان‌و لەبەرامبەر ئەو پۆستانەش پارتی لەهەر كوێیەك پێویستی بەدەنگی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان بووبێت بەكاری هێناون.

داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەیەكی سیاسی‌و جەماوەری كەخەڵكێكی زۆر هیوای لەسەر هەڵچینیبوو كەبتوانێت رووبەرووی دوو گەورەترین هێزی هەرێمی كوردستان ببێتەوە. كەپارتی‌و یەكێتین، بەڵام ئێستا بەم حاڵەیەوەو لەگەڵ بوونی ئەو هەموو گروپە چەندە دەتوانێت خواستەكانی خەڵكی نارازی بەجێبهێنێت؟.

ئەمە جگە لەوەی لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە ئەو هێزە بەتەواوی چووەتە بەرەی پارتی دیموكراتی كوردستان.

بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەكان بزووتنەوەی گۆڕان كەپێشتر بزووتنەوەیەك بوو لەبەرەی بەرەنگاربوونەوەی پارتی بوو، بەڵام ئێستا دەتوانین بڵێین هێزێكی دەستەمۆیە بەدەست پارتییەوە.

مەترسییە گەورەكان لەكاتی خولی یاسا دانانی پەرلەماندا دەردەكەون كەپارتی چەند یاسایەكی مەبەستە لەم خولەدا تێپەرێندرێن. گرینگترین یاسا كەپارتی مەبەستییەتی تێپەرێندرێت یاسای چاكسازییە. كەلەراستیدا ئەو یاسایە خزمەتێكی گەورە بەبنەماڵەی بارزانی دەكات‌و ئەو بنەماڵەیە دەتوانێت لەرێگەی ئەو یاسایە بەتەواوی ریشەكێشی تەواوی كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی بكات لەپۆستە حكومییەكان.

پارتی جگە لەیاسای چاكسازی چاوی لەسەر تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمی كوردستانە. دەستوورێك بەباڵای پارتی بدورێت. لەمەشیاندا پارتی تەنیا پێویستی بەدەنگی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ ئەوەی ناو لەتێپەڕاندنی دەستوری هەرێم بنێت كۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر بووە. ئەگەرنا پارتی بەبێ بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەم كارەی پێدەكرێت.

بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەكان بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرەی بەرەنگاربوونەوەی پارتی بۆ هێزێكی دەستەمۆیی پارتی

هەڵبژاردنی داهاتوو، چی روودەدات؟

كارەكانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكە كەكەمترین حیساب بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكات. چونكە خواستی جەماوەری گۆڕان هەرچییەك بێت، لەئێستادا دەسترۆیشتووەكانی بزووتنەوەی گۆڕان پێچەوانەكەی جێبەجێ دەكەن. ئەمەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر رێژەی دەنگەكانی ئەو بزووتنەوەیە.

كارەكانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان لەهاوكاریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكارەكانی دوای ساڵی 2003ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەچێت، كەبەهەموو شێوەیەك هاوكاری خواستە یاسایی‌و ئەمنییەكانی پارتی ببوو، كەلەكۆتاییدا یەكێتی باجێكی قورسیدا‌و لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەهێزی یەكەمی هەرێمەوە بوو بەهێزی سێیەم، بەڵام لەكۆتاییدا یەكێتی هەر چۆنێك بێت خۆی گرتەوەو توانی رێ لەوە بگرێت كەوەك هێزێكی سیاسی كۆتایی بێت. ئەمەش هۆكاری زۆر بوو لەوانە هۆكاری دارایی‌و عەسكەری‌و جوگرافی نەیانهێشت یەكێتی بەتەواوی كۆتایی بەرۆڵی بێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان هیچ كام لەو هۆكارانەی لەبەر دەست نییە كەبتوانێت رێ لەكۆتایی هێنانی رۆڵی بگرێت.