عوسمان گوڵپی بۆ ژیان: لەناو هاوپەیمانی نیگەرانی هەیە‌و خەڵك وازیهێناوە

ئاساییە لەپارتی دیموكراتەوە نزیك بین
عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی

ژیان: تایبەت
عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی لەم دیدارەی ژیاندا باس لەنیگەرانیەكانی ناوخۆی حزبەكەی دەكات‌و ڕەتی ناكاتەوە كەنیگەرانی هەیە خەڵك وازا لەهاوپەیمانی دەهێنێت، دەشڵێت، نزیكایەتیان لەگەڵ پارتی هەیە‌و ئاساییە".

ژیان: پێت وایە جیابونەوەی بەرهەم ساڵح زیانی گەورەی بۆ هاوپەیمانی هەبوو؟

عوسمان گوڵپی: بێگومان ڕۆیشتنی كەسایەتیەكی وەك دكتۆر بەرهەم كاریگەری هەبوو نەك تەنها لەئێمە، بەڵكو دكتۆر بەرهەم لەهەر هێزێك بڕوا كاریگەری جێدەهێڵێت، بەڵام ئەوە بەمانای وەستان نیە، بەڵكو ئێمە بەنەفەسێكی بەهێزەوە توانیمان خۆڕاگربین‌و ئەو قۆناغە تێپەڕێنین، لەئێستاشدا هاوپەیمانی لەدۆخێكی جێگیردایە‌و پلانی ئاسایی خۆیی جێ بەجێ دەكات.

ژیان: هاوپەیمانی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی ئارام قادر، پلانی چیە بۆ ئێستا؟

عوسمان گوڵپی: هاوپەیمانی لەئێستادا سەرقاڵی بەهێزكردن‌و پەرەپێدانی توانای هاودیدەكانیەتی‌و لەرووی سیاسیشەوە پلانی چوارساڵەی خۆی جێبەجێ دەكات‌و پەیوەندیەكانیشمان قۆناغێكی زۆر باشی بڕیوە.

ژیان: دەوترێت نزیكایەتی زۆرتان لەگەڵ پارتی دیموكرات هەیە؟

عوسمان گوڵپی: بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی وەك هەرهێزێكیتر ئاساییە‌و ئەسڵ وایە پەیوەندی هەبێت‌و لەئاستێكی باشیشدا بێت، نەبونی پەیوەندی نائاساییە لەنێوان هێزە سیاسیەكاندا‌و بەڵێ پەیوەندیمان هەیە‌و باشە وەك چۆن لەگەڵ هێزەكانیتریش باشە، بەڵام دیارە چاوی ئێوە زۆرتر ئەو پەیوەندیەی بینیوە.

ژیان: زۆرجار رەخنە لەحزبە بچوكەكان دەگیرێت‌و بگرە بەدوكانی سیاسی وەسفیان دەكرێت؟

عوسمان گوڵپی: لەڕاستیدا ئێمە نە دووكانی سیاسین‌و نە قبولیشی دەكەین ببینە دووكانی سیاسی، چونكە بونی دووكانی سیاسی جگە لەبارگرانی بەسەر داهات‌و ژینگەی سیاسیەوە هیچیتر نیە، بۆیە هاتوین هێزێكی كرداری ناو كایەی سیاسی بین نەك دووكانی سیاسی، بەڵكو هیچ كات بەدوكان بون قبوڵ ناكەین، هیوادارین دوكانە سیاسیەكانی تریش دوكانەكانیان داخەن.

تاكڕەوی سەرۆك حزب هەڵەی سەرۆك نییە

ژیان: ئامادەكاریتان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كردووە؟

عوسمان گوڵپی: سەبارەت بەئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو هێشتا كات زۆر زۆری ماوە، بەڵام ئێمە بەشداری پرۆسە سیاسیەكانی داهاتوو دەكەین‌و لەئێستاشدا لەگفتوگۆداین لەسەر چۆنیەتی بەشداریكردنمان لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق (كەركوك)، بۆیە بەگشتی بەشداری تەواوی كایەسیاسیەكان دەكەین، بەڵام میكانیزمی بەشداریەكان دەگۆڕێن لەكاتێكەوە بۆ كاتێكیتر‌و لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكیتر بەپێی چۆنیەتی هێنانەدی ئامانجەكان‌و سەركەوتن، سەبارەت بەوەی چەند كورسی دەهێنین لەئێستاوە پێشبینی كردن بۆ سێ ساڵیتر ئاسان نیە‌و تەندروندروستیش نیە.

ژیان: نیگەرانیەكی زۆر لەئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی هەیە، تەنانەت ئەندامتان هەیە خۆی سڕكردووە؟

عوسمان گوڵپی: لەڕاستیدا ئەو هەواڵە زێدەرۆی تێدایە، ڕەنگە لێرە‌و لەوێ هاودیدمان هەبێ وازبهێنێت یان وازی هێنابێت، بەڵام هاودیدێكیش لای ئێمە گەورەیە‌و نیگەرانین وازبهێنێت، سەبارەت هۆكاری وازهێنان‌و بۆچی؟ باشترە لەكەسێك بپرسی كەوازی هێنابێ، من دەمەوێ راستگۆبم لەگەڵت، ئێمە كاری سیاسی دەكەین‌و دەكرێت لەچوارچێوەی سنوری خۆیدا نیگەرانی هەبێت‌و هەیە، مادام ئێمە كاردەكەین دەبێ چاوەڕوانی نیگەرانیش بكەین، سەبارە بەوەی كەسێك لەئەنجومەنی سیاسی خۆی سركردبێت، وەك سڕكردن نازانم بەڵام وەك نیگەران هەیە‌و ئاساییە‌و پێشتر خەڵكمان هەبوو وازی هێناو دوایش خۆشبەختانە گەڕایەوە‌و كاری سیاسی خۆی دەكات.

ژیان: دەوترێت سەرۆكی هاوپەیمانی بەشێوەیەكی زۆر تاكڕەوانە مامەڵە دەكات؟

عوسمان گوڵپی: لەچوارچێوەی دەسەڵاتەكانی خۆیدا بڕیار دەدات، من بۆ خۆم پێموایە ئەوە هەڵەی سەرۆكی حزب نیە، كەتاكڕەوە ئەوە هەڵەی ئەندام‌و بەرپرسانی حزبەكەن، كەئایا بۆچی قبوڵی تاكڕەوی دەكەن، بۆیە دەكرێت مرۆڤ بەسروشتی خۆی حەزی بەتاكڕەوی بێت، بەڵام دەوروبەر نابێت ڕێبدەن، تێڕوانینەكان بۆ بەرپرسان‌و بڕیارەكانیان جیاوازە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكیتر، بۆیە بۆ تاكڕەویش هەر وایە

ژیان: محەمەد رەئوف چیە لەناو هاوپەیمانی بۆچی هیچ پۆستێكی نیە، بەڵام دەسەڵاتی لەسەرۆك زیاترە؟

عوسمان گوڵپی: یەكێكە لەدامەزرێنەرانی هاوپەیمانی‌و بۆ خۆی دەڵێت من پشتیوانی هاوپەیمانیم‌و تەواوی تواناو پەیوەندیەكان خستۆتە خزمەت هاوپەیمانی‌و كەسێكی حساب بۆ كراوە، بێگومان هەر هێزێكی سیاسی كەدروست دەبێت چاوی لەگەورە بونە، هەر ئەوە بەس نیە، بەڵكو دەبێت رێگاكانی فراوان بون‌و گەشەكردن بگرێتەبەر ئەگەرنا هیچ هێزێك لەخۆوە گەورە نابێت، حەتمەن زەمینەی سیاسی‌و دەوروبەریش كاریگەری هەیە، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانی هێزیك نەبێ بۆ گەورەبون ئەوا توانای خۆمانی بۆ سەرف ناكەین.