دوای چوار ساڵ بەدواداگەڕان لە هۆتێلێك دەستگیركرا

بەناوی سواڵكردنەوە گزیكردن
سواڵکەرێک

ژیان: دیمەن ئیسماعیل 

سۆیبە، لەیەكێك لەبازاڕەكاندا دەگەڕا بۆ سواڵكردن‌و هاوڵاتیانیش بەهۆی جلە كۆنەكەیەوە بەزەییان پێ دەهاتەوە هاوكاریان دەكرد.

دوای گفتوگۆیەكی زۆر كەناوی ناهێنین ئامادە بوو قسەمان بۆ بكات، بەجۆرێك وێنەی لەنزیكەوە نەگیرێت،

سۆیبە بۆ ژیان وتی "باری دارایم زۆر خراپە‌و ناچادارم داو لەخەڵك بكەم هاوكاریم بكەن".

پرسیارو وەڵام بەردەوام بوو بۆ ئەوەی دەرگا بكەینەوەو بپرسین ئایا هیچ كاتێك گزی كردووە، لەوەڵامدا وتی "بەڵێ دزیم كردووە، ناچار بووم ناچار".

ئەمسال ژمارەی سواڵكەرەكان لەناو بازاڕو شارەكانی هەرێمی كوردستان زیادیكردوە بەبەراورد بەساڵی رابردوو، ئەمەش نیگەرانی‌و دڵە راوكێی بۆ هاولاتیان دروست كردوە.

سۆیبە تەمەن ٦٠ ساڵ، ماوەی ٢٠ ساڵە پیشەی سواڵكردنە بۆ ژیان وتی "سواڵكردن كارێكی خۆشە، تەنیا لێزانی دەوێت، بزانیت چۆن سواڵ دەكەی كاریگەری بكەیتە سەر خەڵكی".

بەوتەی ئەو سواڵكەرە تەواوی سواڵكەرەكان لەشوێنە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان لەجێگایەك سواڵ دەكەن كەس ئاگاداری شوێن‌و مەكانیان نیە بۆ ئەوەی خەڵك نەیانناسێتەوە.

لەوەڵامی پرسیارێكی ژیان، ئەم كارە فێربونە یان ناچاری ؟ وتی، كارەكە فێر بوین‌و ناتوانین كاری تر بكەین‌و واز لەم كارە بهێنین، سەرەڕای دەستگیركردنمان لەلایەن پۆلیسەوە، بەڵام دیسان بەردەوام بوین لەسەر هەمان كار. 

سواڵكەرەكان تەنیا سواڵ ناكەن بەڵكو لەماڵانیش دەگەڕێن‌و گزی دەكەن، سوهەیلە دانیشتوی شارۆچكەی عەربەتە سەبارەت دەڵێت، پیاو مندالێك لەدەرگایان دا كردمەوە سواڵكەر بون داوای نان‌و ئاویان كرد منیش هێنامە ژوورەوە نانی پێبدەم، بەڵام پیاوەكە ویستی دەستدرێژی بكاتە سەرم، هاوارم كرد دراوسێكان فریام كەوتن.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیەكانی پۆلیس كەدراوەتە ژیان، لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٢٨ كەس بەهۆی سواڵكردنەوە دەستگیركراون لەشاری سلێمانی، هەروەها لەشاری هەولێریش ١٩١ كەس، لەئیدارەی گەرمیان ٧ كەس دەستگیركراون.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ژیان وتی "ئەمساڵ بەبەراورد بەساڵی رابردوو ژمارەی سواڵكەرەكان زیادی كردوە، هەرچەندە ناوە ناوە دەستگیریان دەكەین".

وتیشی "لەهەر كوێ سواڵكەر ببینرێ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێت‌و دەنێردرێتەوە بۆ شاری خۆی یان دور دەخرێنەوە لەشار دوای پڕكردنەوەی بەڵێننامەی وازهێنان ئازاد دەكرێت.

لایخۆشیەوە دڵشاد حەمە ئەمین، توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ ژیان وتی "چەندین روداوی دزیكردن‌و دەست درێژی كردنە سەر خاوەن ماڵ لەلایەن سواڵكەرەكانەوە روی داوە، ئەمەش بون بەهۆی تێكدانی ئارامی خەڵك سڵ دەكەنەوە لەنزیك بونەوە لێیان".

"ماوەی چوار ساڵە پۆلیس بەدوای سواڵكەرێك دەگەڕا لەماڵان دزی دەكرد بەناوی خێركردن ئەمساڵ پۆلیس لەیەكێك لەئوتێلەكانی شاری كەلار دەستگیری كرد" دلشاد وای وت.

سەبارەت بەكاریگەری دەرونی سواڵكەرەكان وتی "لەمنداڵیەوە فێركراون بەلایان ئاساییە دەست بۆ خەڵك رابكێشن‌و داوای سواڵ بكەن، بونی ئەم كارانە كاریگەری نەرێنی دەبێت".

هەرچەندە سواڵكردن لەرووی ئاینینەوە رێگەپێدراو نییە، بەڵام سواڵكردن لە تەشەنەسەندن دایە. ئەحمەد وەرتی، مامۆستای ئاینی بۆ ژیان وتی "ئەگەر كەسەكە پێویستی بەپارە بێت ئاساییە، بەڵام بونی ئەم شێوازە لە سواڵكردن هەژارو خوگرتن بەسواڵی تێكەڵكردووە".

ئەو مامۆستایە دەڵێت، لە٢٠١٢ پرۆژە یاسا پێشكەش بەپەرلەمان كراوە بۆ دابینكردنی شوێنێك بۆ سواڵكەرەكان‌و وازهێنان لەم كارە، هەروەها دۆزینەوەی كار بۆیان، بەڵام شكستی هێنا".

لەرووی یاسایەوە سزا بۆ كەسی سواڵكەر دانراوە، بەجۆرێك بەپێی یاسای ژمارە ١١١ ی مادەی ٣٩٠،٣٩١ ساڵی ١٩٦٩ هەمواركراودا بە بەندكردنی یەك مانگ سزا بۆ كەسی سواڵكەر دانراوە.