پارتی بە ناچاری یەك لیستی حزبە كوردیەكانی كەركوكی قبوڵ كرد


ژیان: 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ حزبە كوردیەكانی كەركوك بەبێ بەشداری پارتی بڕیاریاندا بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن پارتی ناچار بوو شوێنیان بكەوێت. 

ئەمڕۆ دووشەمە حزبە كوردستانیەكان لە كەرکوك، بە مەبەستی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆبونەوە و لەسەر ئەوە رێكەوتن كە بە لیستی ھاوبەش بەشداری لە ھەڵبژاردنەكە بكەن. 

هەرچەندە كۆبونەوەكە پارتی تیادا نەبوو بەڵام لە دوای كۆبونەوەكە پارتی دیموكراتی كورستان پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕین و بەشێوەیەكی ناچاری شوێن ئەو رێكەوتنەی حزبە كوردیەكان كەوت. 

لەوبارەیەوە خەسرۆ گۆران، بەرپرسی مەكتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند" ئێمە وەكو پارتی یەكەم حزب بووین داوای یەك لیستیمان كردووە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك، ئێستا ئێمە بە مەبدەئی لەگەڵ یەك لیستین، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییە".

ناوبراو بە میدیای فەرمی حزبەكەی وتووە "بۆ ئەم مەبەستە شاندێكی پارتی لەگەڵ یەكێتی كۆبووە و دواتر بۆچوونی فەرمی پارتی رادەگەیەندرێت".