بەهۆی توندوتیژی پیاوەكەی؛ دەستدرێژی سێكسی دەكرێتەسەر

توندوتیژی لەنێوان سێ پیاودا
ئامارەكانی زیادبوونی جیابوونەوە لەهەڵكشاندایە

ژیان: گەرمیان خالید گڕاوی

لەناو ئاڵۆزیی‌و ناخۆشییەكانی ژیان، ژنێك بەھیوای ژیانكردن هاوسەرگیری دەكات، بەڵام ئەو ژیانەی خۆی ئاواتی بۆ دەخواست بۆی نەهاتەدی، بەڵكو دۆزەخێك بۆ خۆی دروستدەبێت.

سەیران سەردار، (26 ساڵ)، چەند ساڵێك پێش ئێستا سەیران بەئومێدی خۆبەشختی هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێك دەكات، بەڵام دوای چەند رۆژێك ئەو ژیانەی هیوای بۆ دەخواست پێچەوانەوە دەبێتەوە.

سەیران سەردار، ئەو ژنەی بەهۆی توندوتیژی هاوسەرەكەیەوە دەستدرێژی سێكسی دەكرێتەسەر، سەیران بەچاوی پڕفرمێسەكەوە چیڕۆكی هاوسەرگیرییەكە بۆ ژیان دەگێڕێتەوە.

سەیران بۆ ژیان وتی "هاوسەرەكەم توندوتیژی بەرامبەر بەكاردەهێنام لەژووری خەوتنەوە بۆ ژووی چێشتخانە، بەجۆرێك لەكاتی سەرجێی زۆر ئازاری لێ دەدام، ئیدی ژیانم بوو دۆزەخ، بەردەوامیش پێیدەوتم دەبێت منداڵمان هەبێت، هەرچەندە چەندین جار پێم دەوت سەرەتا منداڵمان پێویست نییە، بەڵام رێگری دەكرد هیچ رێگەیەك بگرمەبەر بۆئەوەی وەچە نەخەینەوە، بۆیە بەناچاری سێ منداڵمان خستەوە".

هاوسەری یەكەمم بەردەوام منەتی پارەی بەسەردا دەكرد

"دوای سێ منداڵ چێژی سێسكم نەبینی"

سەیران دەڵێت "لەنێو ژناندا باسی چێژ بینییان دەكرد باسی نەرمی‌و خۆشییەكانی پیاو‌و ژنیان دەكرد، منیش خاوەنی سێ منداڵم تەنھا ئازاری منداڵ بوونم چەشتوە.

پیاوەكەم ڕەزیل نەبوو، بەڵام ھەمووكات منەتی ئەوەی دەكرد كەبەخێومان دەكات‌و نانمان دەدا پارە پەیدادەكات، دەموت بامنیش كاربكەم بەڵام نەیدەھێشت وایكرد كاری دەرەوەو ژورەوەم بیربچێ. ھەستیشم بەوە كردبوو پەیوەندی سێكسی تری ھەیە، ھەمووجار پێی دەوتم تۆ وەك ژنەكانیتر نیت، بەڵام تائێستاش نەیھێشت ھیچ بەڵگەیەك بگرم لێی.

سەیران لەهاوسەرەكەی جیادەبێتەوەو دەستدرێژی سێكسی دەكرێتەسەر

سەیران بەردەوامە لەگێڕانەوەی چیرۆكی ژیانی خۆیی دەڵێت "لەگەڵ ھەرسێ منداڵم بڕیارماندا بژین بەبێ باوكیان، منداڵەكانیش بێزاربووبون لەو ھەموو خراپیەی باوكیان، بۆیە بڕیارمدا جیاببمەوە بۆیە بەھەزار دەردە سەری‌‌و سوكایەتی ھەڕەشە‌ جیابوومەوە، دوای دووساڵ لەجیابوونەوەم كەوتمە داوی خۆشەویستی پیاوێكی پڕاو پڕ لەھەست‌و سۆز، پیاوێك بەھەشتی بۆ ھێنابوومە سەرزەوی‌و بەقسەكانی دەیبردمە دونیای خەیاڵ، ئەوكات ھەستمكرد پیاوەكەی من هەستی نەبووە، دوای نزیكی ساڵێك داوامكرد ھاوسەرگیری بكەین وەك بەڵێنی دابوو بمخوازێ، وتی: من‌‌و تۆ دەبێ پەیوەندی سێكسیمان ھەبێ بزانین لەگەڵ یەك دەگونجێین! منیش دوام لێیكرد پەیوەندیەكەمان با بەوجۆرە نەبێ دڵنیام كردەوە كەدوای هاوسەرگیری باش دەبم بۆی، بەڵام ئەو رازی نەبوو، بۆیە شەوێكیان گوتی: شەو دێم ئامادەبە، شەو منداڵەكانم خەواند لەرز‌و دڵەڕاوكێیەكی زۆر منی گرت، لەناو ئەم خەیاڵانە بووم تەلەفونی خۆشەویستەكەمم بۆ ھات، ترسام،، وەڵاممداوە گوتی: ئامادەی؟

ترسام پێمگوت: توخوا با ئەم كارە نەكەین ھەست بەئازاری ویژدان دەكەم، گوتی دەمت داخە..گوتی: بۆت نییە ئەم جۆرە قسانە بكەی‌و زۆر بەتوندی ھەڕەشەی لێكردم.

بۆیە كاتژمێر دووی شەو ھاتە ژورەوەو كەمێك نانی خوراد، دوای ئەوەی چووینە سەرەوە پێیگوتم: بۆ وا ماتی بۆچی خەندەت لێ بەدی ناكەم خۆ تازە كچێنی؟ لەچی دەترسیت؟ ئەو نەیزانی ترسی من ئازاری ویژدانمە نەك ترس لەسێكس، دوای ئەوەی زۆر بەزیرەكییەكەی خۆی منی دەرھێنا لەھەموو بیركردنەوە ئازارو بیری منداڵەكان‌، بەجۆرێك خۆشی بەمن بەخشی لەماوەی ١٠ ساڵ لەگەل ھاوسەرە كۆنەكەم نەك ھەستم پێینەكردووە، بەڵكو نەشمزانیبوو مومارەسەی سێكسی بەمشێوەیە ھەیە. 

سێكسی لەگەڵ كردم‌و جێ هێشتم

كات نزیك بوو لەدەوری چواری بەیانی، گوتی: سەیارەكەمم دووور وەستاندوە بۆ ئەوەی ھەستم پێنەكەن بەپێ ئەو ماوەم بڕیوە، تۆ مەیە دەرەوە دەرگا دادەخەم‌و دەڕۆم. 

بەجۆرێك رۆیشت وەك بڵێی نامبینێتەوە، سەیری چاوەكانمی دەكرد دەیگوت: ئەو مێردە نەفرەتیەت چۆن دەستی لێتبەربوو؟ بەیانی كاتژمێر شەشی ئێوارە بوو بۆ ھەواڵ پرسین تەلەفونم بۆی كرد، وەڵامی نەدامەوە دوبارە بۆم كرد تەلەفۆنەكە داخرا. ترسێك لەدڵ دروستبوو كەدوبارە شكستم هێنابێت، چەندە ھەوڵمدا جارێكیتر قسە بكەینەوە ژمارەكەی چۆن داخرا داخرا بێ ھیوایم لێرە دەستیپێكرد، لەپێناو مەرام‌‌و حەزە سێكسییەكانی خۆی، فریویدام ھەڕەشەی لێكردم، ئێستاش تەنھا ژمارەكەی دەزانم ئەویشی داخراوە. 

سەیران بڕیاریدابوو كەچیتر بڕوا بەھیچ پیاوێك نەكات، بەڵام بیست رۆژ بەر لەئێستا ئامۆزایەكی ھاوسەری یەكەمی داواكاری كوڕێكی بۆ هێناوە تاوەكو هاوسەرگیری بكەن.

كوڕەكە ئامادەبووە هەرسێ منداڵەكەی سەیران بەخێوبكات، بۆیە بڕیاریاندا هاوسەرگیری بكەن بەڵام هاوسەری پێشووی سەیران بەتەلەفۆن هەڕەشە لەكوڕەكە دەكات كە"ئەگەر سەیران بگوازێتەوە، ئەوا دەیكوژێت".

سەیران، نازانێت هاوسەری پێشووی بۆچی جارێكی دیكە دێتە ناوژیانیەوە، ئەو كوڕە هاتۆتە خوازبێنی ئامادەیە هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، بەڵام لەهەڕەشەكانی مێردی پێشووی سەیران دەترسێت، بۆیە سەیران داوادەكات كێشەیەكەی بۆ چارەسەربكرێت.

دوای چوونی بۆ بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزان، هەوڵەكان دەستی پێكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەم ژنە،  نەقیبی مافپەروەر

ڕێباز زێوەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌‌و خێزان لەھەولێر بۆ ژیان وتی "هاوسەرگیری پێشوو سەیرانیان بانگكردوە بەڵێنامەیان پێ پڕكردەوە كەبەھیچ جۆرێك پەیوەندی بەژیانی سەیران نەبێ‌و ھەركارێك ڕووبدات ئەو لێی بەر پرسیار دەبێ، بۆیە توانرا كێشەكە چارەسەر بكرێت، سەیران لەگەڵ منداڵەكانی ھاوسەرە تازەكەی بەیەكەوە بژین".

هۆكارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران

ئامارەكانی زیادبوونی جیابوونەوە لەهەڵكشاندایە نەگونجان‌و جیاوازی تەمەن‌و خیانەت لەترۆپكی ئەو هۆكارانەن كەئاماری جیابوونەوەی بەرزكردۆتەوە، بەپێی ئەو ئامارەی دەست ژیان كەوتوە لەماوەی دووساڵی رابردوو تەنها لەشاری هەولێرنەگونجان لەگەڵ یەكتر۸۸۹ حالەت،جیاوازی تەمەن  ۵۸، هۆكاری نەزۆكی  ۱۵، خیانەتی هاوسەرگیر۳۳۰، هەروەها نەبوونی ماڵی جیا  ۲٤٤، ژن هێنانی دووەم  ٥٤، تەكنەلۆجیای سەردەم  ۱۸٦، توشبوونی یەكێكیان بەنەخۆشی  ۲۱ ، هۆكاری كۆمەڵایەتی  ۲۷٦، لەگەڵ ۲۸۹هۆكاری ئابووری‌و هۆكارەكانی تر  ۲۹۳.

لەماوەی هەردوو ساڵی (2016‌و 2017) 661 خێزان بەهۆی خیانەتەوە هەڵوەشاونەتەوە

هەر بەپێی ئاماری بەردەستی ژیان، كۆی  گشتی جیابوونەوە  لەساڵی ۲۰۱٦ لەدادگای  هەولێر   دوو هەزارو 665 كەیس بووە، بەڵام لەساڵی 2017 رێژەی جیابوونەوە لەپارێزگای هەولێر زیاتر بووەو گەیشتۆتەوە دوو هەزارو 985 كەیس، نەگونجان‌و خیانەتی هاوسەرگیری لە ترۆپكی هۆكارەكانن.
بەپێی ئامارەكە، خیانەتی هاوسەرگیری  بەپلەی  دووەم  دێت، بەشێوەیەك لەماوەی هەردوو ساڵی (2016‌و 2017) 661 خێزان بەهۆی خیانەتەوە هەڵوەشوەتەوە.

ئاماری 2017

نەگونجان لەگەڵ یەكتر = ۹۲۹ 

جیاوازی تەمەن = ۱۱۸

هۆكاری نەزۆكی = ۱۳

خیانەتی هاوسەرگیری = ۳۳۱ 

نەبوونی ماڵی جیا = ۳۲۰ 

ژن هێنانی دووەم = ۱۸ 

تەكنەلۆجیای سەردەم ( مۆبایل‌و ئینتەرنێت) ۲۷۱ 

تووشبوونی یەكێكیان بەنەخۆشی = ۳ 

هۆكاری كۆمەڵایەتی =  ۳۳۰

هۆكاری ئابووری = ۳٤۰ 

هۆكارەكانی تر = ۳۱۲