یاسین مەحمود بۆ ژیان: بەشێک لە وەبەرهێنەرەکان هەڵتۆقیوون

ئەو وەبەرهێنەرە كوردانەی سەرمایەكانیان بردە ئێران‌و توركیا ٨٠% سەرمایەكانیان لەدەستداوە
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان

ژیان: وریا حوسێن

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت، قەیرانی دارایی كۆتایی ٢٠٢٠ ئەگەری هەیە كۆتایی بێت، باس لەوەش دەكات، ئەو دەوڵەمەندانەی كەئیفلاسیان كرد لەقەیرانی دارایدا ئەوانەبوون بنەمای ئابوریان نەبو‌و دەوڵەمەندی هەڵتۆقیوبوون.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، چەندین ئامار‌و زانیاری گرنگ لەبارەی دۆخی وەبەرهێنانەوە ئاشكرادەكات.

ژیان: دوای قەیرانی دارایی دۆخی وەبەرهێنان، بەچی گەیشتووە؟

یاسین مەحمود: ئەگەر بەشێوەی ورد شیكاری بۆ دۆخی ئابووری ئێستای كوردستان بكەین، قەیرانی دارایی كۆتایی نەهاتووە، بەڵام دەتوانین بڵێین بەشێكی گرنگی كۆتایی هاتووە ئەویش لادانی پاشكەوت‌و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر‌و بەغدادە، لەلایەكی تر گەڕانەوەی ئارامی زیاتر بۆ دۆخی سیاسی كوردستان پێكهێنانی حكومەتی نوێ كەئەمانە بۆ خۆیان قەیران بوون لەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانە، تائێستا نەدراوەتەوە یان پارەی بەڵێندەران‌و كۆمپانیاكانە كەلای حكومەت ماوە، هەروەها ئەو پشكانەی لای خەڵك ماوە نەدراوەتەوە، ئەمە جگە لەو پارانەی وەبەرهێنەران‌و بەڵێندەرانە لای وەزارەتەكانە‌و نەدراوەتەوە لەگەڵ ئەو سێ هەزار‌و ٥٠٠ پڕۆژەیەیی كەتائێستا بەشێكیان دەستیان پێنەكردووەتەوە، ئێمە چاوەڕوان دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی داهاتوودا ئەو پارەیی ماوە بیداتەوە قەیرانەكە كۆتایی بێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٠١٩ ئابووری كوردستان بوژانەوەیەكی گرنگی بەخۆوە بینیوە، چونكە پڕۆژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دەستیان پێكردووەتەوە بازاڕی خانووبەرە جوڵاوە، دەتوانین بڵێن ٦٠%ی پاشەكشەیەكە گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی.

سێ هەزار‌و ٥٠٠ پڕۆژە وەستاون‌و بەشێكیان دەستیان پێنەكردۆتەوە

ژیان: كەواتە ئاستی وەبەرهێنان گەیشتووەتە چەندی ئەو ئاستەی لەلای ئێوە تۆماركراوە؟

یاسین مەحمود: بەشێوەیەكی گشتی ٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان هەبوو،٢٠ ملیاری تەواوی خزمەتگوزاری گشتی بوو، لەو ٥٠ ملیارە ٣٠ ملیاری پڕۆژەبوو كەبەهۆی قەیرانی داراییەوە گرفتیان بۆ دروستبوو، ٢٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەستی كردووەتەوە بەكاركردن‌و هێواش هێواش پڕۆژەكان دەستیان پێكردووەتەوە، وەبەرهێنەران دەچنەوە سەر پڕۆژەكانیان‌و نزیكەی ١١٨ بۆ ١٢٠ پڕۆژە هەیە، كەئەو پڕۆژانەن لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە هەڵوەشاونەتەوە بەسوپاسەوە پاش ماوەیەكی تر دەدرێن بە وەبەرهێنەرانی نوێ ئەوانە شوێنی وەبەرهێنەرە كۆنەكان دەگرنەوە.

ژیان: ئێستا دەتوانین بڵێن ئێمە گەیشتوونەتەوە پێش قۆناغی قەیرانی دارایی، 2013؟

یاسین مەحمود: ناتوانین ئەوە بڵێین، چونكە ساڵانی ڕابردوە تەوژمی خراپ بەر ئابووری كوردستان كەوتووە زیانمان بەركەوتووە، بەڵام ساڵی ٢٠١٩ ساڵێكی زۆرباشە‌و هێشتاش ماویەتی، لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی خۆ ڕێكخستنەوەیە  بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان‌و هەندێك پڕۆژەی بەڵێندەرایەتی گەورە‌و ستراتیژی دەستپێدەكەن، ئەم دۆخە لەبەرژەوەندی كەرتی تایبەت‌و ئابووری كوردستانە، ئەگەریش هەیە چارەسەری پاشەكەوتی موچە بكرێت، ئەمانە وامان پێدەڵێت كەناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەوێتە سەرپێی خۆی‌و كۆتایی ٢٠٢٠یش بچێتەوە بەرەوە ئاستی جارانی.

بەشێوەیەكی گشتی ٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەبوو٢٠ ملیار لەخزمەتگوزاری گشتی بوو

ژیان: ئێمە لەكوردستان كۆمەڵێك وەبەرهێنەرمان هەبوو، بەتایبەت لەشاری سلێمانی كوردستانیان بەجێهێشت ئەمانە گەڕاونەتەوە كوردستان؟

یاسین مەحمود: ئەو وەبەرهێنەرانەی كوردستانیان بەجێهێشت بۆ وەبەرهێنان رویان لەدەرەوەكرد بەتایبەت ئێران‌و توركیا، بەڕاستی توشی زیانهاتن، بۆیە هەر وەبەرهێنەرێكی كورد چوبێتە ئێران‌و توركیا بۆ وەبەرهێنان بەداخەوە توشی زیانهاتووە ، چونكە ئەوان لەكوردستانەوە دۆلاری ئەمریكیان بردبوو، بەڵام باری دارایی ئەو وڵاتانە توشی پاشەكشە هات، بۆیە ئەوانەی لەئێران وەبەرهێنانیان كردووە لە ٧٠ بۆ ٨٠ % سەرمایەكانیان لەدەستداوە، ئەوانەشی لەتوركیا كاری وەبەرهێنانیان كردووە بەهەمان شێوە ٥٠%ی سەرمایەكانیان لەدەست داوە، بۆیە ئەوانە وایكردووە ئەو وەبەرهێنەرانە دووبارە روبكەنە كوردستان، لەگەڵ ئەوەش ئێمە بەبەهای چوار ملیار دۆلار وەكو كوردستان وەبەرهێنانمان لەخوار‌و ناوەڕاستی عێراق هەیە، بەتایبەت پارێزگای بەغداد لەشارەكانی دیكەش وەبەرهێنەرانمان موڵەتی وەبەرهێنانیان بەدەستهێناوە پڕۆژەی ستراتیژیان گرتووەتە دەست، ئەمە جگە لەجورجیا‌و یۆنان هەندێك وڵاتی دیكە پڕۆژەمان هەیە، بەڵام لەم شوێنانە كێشەی ئابووری نیە.

ژیان: ژمارەی دەوڵەمەندەكانی هەرێمی كوردستان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتووە؟

یاسین مەحمود: پێش قەیرانی دارایی ١٣ كۆمپانیا‌و كەسایەتیمان هەبوو سەرمایەكەیان دەگەیشتە سەروی یەك ملیار دۆلار، ئەوانەش زۆربەیان دەكەونە هەولێری پایتەختەوە، چەند دانەیەكیشان لەسلێمانین، یەك دوو دانەشیان لەدهۆكن، لەگەڵ ئەوەش دەوڵمەندێكی كوردستانیش خەڵكی پارێزگای هەڵەبجەبوو، پێش قەیرانی دارایی ئێمە ١٠هەزار وەبەرهێنەرمان هەبوو كەسەرمایەكانیان لەیەك ملیۆن دۆلار زیاتر بوو، واتە ژمارەی ملیۆنێرەكانی كوردستان دەگەیشتە ئەو ژمارەیە، بەڵام قەیرانی دارایی ئەم ژمارەیەی گۆڕیوە‌و ماوەیەكی دیكە هەوڵدەدەین ئامارێكی نوێ لەوبارەیەوە گەڵاڵە بكەین، بزانین ئایا چ گۆڕانكارییەك ڕویداوە؟.

لەسەرەتای ٢٠١٩ ئابووری كوردستان بوژانەوەیەكی گرنگی بەخۆوە بینیوە

ژیان: زۆرجار دەوترێت ئەوانەی كەئیفلاسیان كردووە، زۆرینەی دەوڵەمەندە هەڵتۆقیوەكان بوون؟

یاسین مەحمود: ئێمە لەكوردستان دوو جۆر سەرمایەدارمان هەیە، هەندێكیان بنەڕەتی ئابووریان هەیە‌و خاوەن پڕۆژەی ستراتیژین، وەكو ئەوانەی باسمكردن كە١٢ بۆ ١٣ سەرمایەدارن، دەتوانین بڵێین چەندین گروپی كۆمپانیامان هەن لەوانە ناس، جیهان، كار، قەیوان، هەڵەبجە‌و یوبی گروپ، ئەمانە ئەو دەوڵەمەندانەن سەرمایەی بنەڕەتیان هەیە‌و لەقەیرانی دارایدا هاوكاری خەڵكی كوردستان بوون، تەنانەت لەبومەلەرزەكەی وانیش دەوری باڵایان بینی، خاوەن پێگەن‌و جێگەی بڕوان، بەڵام جۆرێكی دیكە كۆمپانیامان هەیە كەلەدوای ساڵی ٢٠٠٩ دروستبوون، ئەمە ئەو كۆمپانیانەن كەبەشێكیان ئیفلاسیان كردووە، بەشێكی دیكەشیان وڵاتیان جێهێشتووە بەداخەوە، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٠ دا ئەو كۆمپانیانە دوبارە دەگەڕێنەوە ساڵی ٢٠٢٠ دۆخەكە بەرەو باشتر دەڕوات.