وادەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی راگەیەندرا

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

ژیان:

یەكەم رۆژی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی راگەیەندرا.

بەبڕیاری سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رۆژی یەكشەممە 2019/9/15 وەك یەكەم رۆژی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ دیاریكراو و داواش لە خوێندكاران دەكەن پابەندبن بە كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن.

ماڵپەڕی فەرمی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە" لەسەر راسپاردەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ پێشوازیكردن لە خوێندكاران هەموو ئامادەكارییەك ئەنجامدارەوە لە گشت كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ، لەگەڵ دابینكردنی سەرجەم خزمەتگوزاری و كەلوپەلەكان بۆ بەشەناوخۆییەكانی كوڕان و كچان، نوێكردنەوەی هۆڵەكانی خوێندن و ئامادەكردنی كەلوپەلی نوێ بۆیان، لەگەڵ رەخساندنی كەشێكی ئارام و گونجاو لە رێگەی سەوزایی و پاركەكانی ناو كەمپەكانی زانكۆ".

ئاماژە بەوەشكراوە"سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هیوای ساڵێكی نوێی و پڕ چالاكی و زانست بۆ خوێندكاران و مامۆستایان دەخوازن، ئومێد دەكەن خوێندكاران پابەندبن بە كاتەكانی دەوام كردنەوە و بەسەركەوتوویی ساڵێكی دیكە لە خوێندن تێپەڕێنن".