شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا: دەستوەردان لەکاروباری سێ سەرۆکایەتییەکە هێڵی سورە

شێخ جەعفەر

ژیان:

جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكن یان به‌ره‌یه‌كن بۆ حیزبه‌كان، به‌ڵام بێ ده‌ستوه‌ردانه‌ كاروباری داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە" لەڕاستیدا من هیچ زانیارییەكم نیە لەسەر ئەو ئەنجومەنە یا هیچ باسێك كرابێت لەمەكتەبی سیاسی یا سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام هەمووان دەزانین كە ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، هەروەها حكومەت هەیە كە ئەمانە هەمووی بە یاسا ڕێكخراوە، هەریەكە كاری خۆی هەیە و لە بواری خۆیدا كاردەكات، ئەگەر ئەنجومەنێك دروست ببێت كە دەستی حكومەت و پەرلەمان ببەستێت و دەست وەربدارتە كاروباری ئەو سێ دامەزراوەیە(سەرۆكایەتی هەرێم،پەرلەمان هەروەها حكومەت) ئەوا بەڕاستی من پێم باش نییە، چونكە هەریەك لەو سێ دامەزراوەیە كاری خۆیان هەیە و سەربەخۆن لەو كارانەی پێیان دراوە، بەڵام خۆ ئەگەر ئەنجومەنێكیش بێت بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و یەكڕیزی میللەتەكەمان و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی لەدەرەوە لەمیللەتەكەمان دەكرێت یا كۆدەنگیەك بێت بۆ گەیاندنی دەنگی میلەتەكەمان بەهەموو دنیا، من بەو شێوەیە پێم باشە بەمەرجێك دووربێت لە دەستوەردان لەكاروباری حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە پەرلەمان نوێنەری خەڵكە و خەڵك دەنگی پێداون و ئەو حیزبە سیاسیانە خۆشیان دەنگیان پێداون".

لەبارەی سه‌رۆكایه‌تیكردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌ڵێت، "کاتێک ئەنجومەنە دروستکرا بۆ سەرۆکایەتی کردنی ئەو ئەنجومەنە دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن و لەسەر کێ ڕێکدەکەون، واتە دەکەوێتە سەر ڕێککەوتنی لایەنەکان".

هەروەها جەختیکردەوە" هەمو یەکڕیزییەکی ئەم میللەتەم پێباشە جا بەهەر ڕێگایەک هەیە، لەژێر سێبەری هەر ناوێکدا هەیە تەنها ئەوە دەڵێم دەستوەردان لەکاروباری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان هێڵێکی سور بێت ئەگەرنا یەکڕیزی لەژێر هەر ناو سێبەرێکدا بێت وە هەرکەس بەرپرسی بێت من پێم باشە".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" ئەگەر بڕوانینە ڕابردو کە بەڕه‌حمەت بێت جەنابی مام جەلال لەگەڵ کاک مەسعود لەگۆڕەپانەکەدا بون توانیبویان ڕۆڵێکی باشیان هەبێت لەکۆکردنەوەی هەمو لایەنەکان، بەڵام ئەمڕۆ کە جەنابی مام جەلال کۆچی دوایی کردوە هەر جەنابی کاک مەسعود ماوە، جەنابی کاک مەسعود دەتوانێت هەستێت بەو کارە".

لەبارەی ئەوەی ئایا وەک یەكێتی ئامادەن ئەو داوایە لە بارزانی بکەن شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی" نەگەیشتوەتە ئەوکاتە هەرکات گەیشتە ئەوکاتە هەرکاتێک بو ئێمە هیچ کات ڕێگریمان لە جەنابی کاک مەسعود نەکردوە، کاک مەسعود ئەمڕۆ سەرکردەیەکی دیاری میللەتەکەمانە سەرۆکی ئەم هەرێمە بوە لە پێشتر لەبەر ئەوە هەرکات کاتی هات ئەوکات یەکێتی بۆچونی خۆی دەدات وە پێموایە هەرشتێک لەبەرژەوەندی میللەتەکەمان بێت بۆ یەکڕیزی یەکێتی پشتگیری بکات، ئێمە پێشتر بۆ کاک مەسعود کارمان کردوە و دەنگمان پێداوە ببێتە سەرۆکی هەرێم جەنابی مام جەلال بەهەمو توانایەکیەوە لەدەرەوەی یەکێتی-ش کاری کردووە".

ئەوەشی خستەڕو، "ئەگەر ئێستاش کاک مەسعود بیەویت ئەو ڕۆڵە ببینێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەمو لایەنە سیاسیەکان کۆبکاتەوە و یەکڕیزی کورد بپارێزیت بێگومان وه‌ك یه‌كێتی هەمان هەڵوێستی ڕابردومان دەبێت ئەوا یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمان هەڵوێستی دەبێت وە وەبوە وەک ڕابردو بومان".