پێنجوێن؛ سێ هاوڵاتی چوار هەزار داری سروشتییان بڕیوەتەوە

بەشێک لەو دارەی بڕاوەتەوە

ژیان:

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن چوار هەزار داری سروشتیی بڕدران ئاگریان تێبەردرا.

بەگوێرەی لێدوانێکی نووسراوی عەمید هێمن کەمرخان، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە سنووری گوندەکانی (بناوە سوتە و سەرنەوان) لە شارۆچکەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، سێ هاوڵاتی چوار هەزار داری سروشتییان بڕیوەتەوە و ئاگریان تێبەرداوە.

ئاماژەی بەوەشداوە دوای ئاگادارکردنەوەیان، مەفرەزەیەک لە بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر توانیویانە ئاگرەکە بکوژێنەوە و دەست بگرن بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە داری بڕاوەدا بگرن.

هاوکات، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس، داواش لە هاوڵاتیان دەکات، کە لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستاندا، پابەندبن بەڕێنمایەکانی پۆلیسی دارستان.