ژیان ڕێگرییەکی نێچیرڤان بارزانی لەکابینەکەی مەسرور بارزانی ئاشکرا دەکات

نێچیرڤان، مەسرور بارزانی

ژیان:

نێچیرڤان بارزانی دەبێتە رێگر لەبەردەم مەسرور بارزانی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و لەسەرەتای کابینەکەی مەسرور بارزانیەوە ناکۆکییەکان گەیستوونەتە لوتکە.

دووسەرچاوەی تایبەت لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرانی عێراق کە ئاگاداری دۆخەکەن بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)یان ڕاگەیاند مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خواستی ئەوەی هەیە هەولێرو بەغدا لەسەر پرسی نەوت‌و بودجەو پرسەكانی تر رێككەوتن بكەن.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن، كە مەسرور بارزانی ئامادەیی نیشانداوە، بۆ ئەوەی هەرێم داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بكات لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق بودجەی هەولێر بەتەواوی بنێرێت، كە ئەوە بە دەروازەیەك دەزانرێت بۆ رێككەوتنی كۆتایی.

هەر بەپێی دوو سەرچاوەكە، لەگەڵ خواستەكەی مەسرور بارزانی بۆ رێككەوتنی هەولێرو بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بووەتە رێگر لەبەردەم سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق نەگاتە رێككەوتن.

ئەوەش زانراوە، دژایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێككەوتنی هەولێرو بەغدا، پەیوەندی بەو رێككەوتنانەوە هەیە، كە حكومەتی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی ئەودا لەگەڵ توركیاو كۆمپانیاكانی نەوت واژووی كردووە، كە نایەوێت كێشە بۆ ئەو دۆسییانە دروست بێت.