ئەمریکا فشار لەسەر عێراق دروستدەکات

دەیەوێت عێراق پەشیمان بکاتەوە لە کڕینی ئێس-٤٠٠
ئێس-٤٠٠ی ڕووسی

ژیان:

ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمریکا ڕێگە نادات بە عێراق هەنگاو بنێت بەرەو کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی ڕووسی.

کەریم عەلیوی ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق مافی خۆیەتی کە هەر جۆرە سیستەمێکی بەرگری هەبێت، بەڵام فشارەکانی سەفارەتی ئەمریکا تا دێت لەوبارەیەوە لەسەر عێراق زیاتر دەبێت.

دەشڵێت، واشنتۆن ڕێگە بە عێراق ناداد کە هەنگاو بنێت بەرەو کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی ڕووسی.

باسی کڕینی سیستمی بەرگری عێراق لەوکاتەوە سەری هەڵدا کە لەماوەی ڕابردوودا ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردە سەر کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.

سیاسییەکان و نوێنەرانی عێراقیش چەندین جار داوایان لە حکومەت کردووە کە هەوڵبدات لەڕووی چەکوچۆڵەوە خۆی بەهێزبکات بەمەبەستی بەرگری کردن لە خاکی وڵاتەکەی.