ئامارێکی جیاواز لەبارەی ماددەهۆشبەرەکانەوە بڵاوکرایەوە

حەب جۆرێک لە ماددەی هۆشبەر

ژیان:

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەبارەی بەکار‌هێنەرانی ماددەهۆشبەرەکان لەساڵی ٢٠١٩ بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ٢٧١ میلۆن کەس کە دەکاتە ٪٥ی هاوڵاتیان کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵیدایە لەسەرتاسەری جیهان لەساڵی ڕابردوودا ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە.

هاوکات ٣٥ ملیۆن کەس بەهۆی ماددەهۆشبەرەکانەوە بوونەتە قوربانی و لە ئێستادا لە هەر ٧ کەسدا کەسێک گیرۆدەی ماددەهۆشبەرەکانە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، تریاک و هاوشێوەکانی لەپلەی یەکەمی ماددەهۆشبەرەکان دێن کە کەسانێکی زۆر بەکاریان دەهێنن، تەنها لەساڵی ٢٠١٧دا ٥٨٥ هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ١١ ملیۆن کەس لەڕێگەی دەرزی ماددەی هۆشبەرەوە تووشی جۆرەها نەخۆشی مەترسیدار بوون بەجۆرێک لەناو هەر ٨کەسیاندا کەسێکیان تووشی نەخۆشی ئایدز بووە.

ئەفغانستان بە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ماددەی هۆشبەر دادەندرێت کە ٢٦٣ هەزار هێکتار زەوی تەرخان کردووە بۆ چاندنی خەشخاش، ئەو وڵاتە بەتەنیا ٨٢٪ی تریاکی جیهان بەرهەم دەهێنێت.