کۆمەڵی ئسیلامی: دەستوور بە گرنگ دەزانین

عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی

ژیان:
ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، دەستوور بە گرنگ دەزانین، بەڵام گوزارشت لە بۆچوونی هەموولایەک بکات و ڕێکبکەوین لەسەری.

ئەمڕۆ، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن ئەمیر و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حزبەوە پێشوازیی لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دۆخی کەرکوک و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردووە.

لەبارەی دەستووریشەوە، عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەکرد "دەستوور بە گرنگ دەزانین، بەڵام گوزارشت لە بۆچوونی هەموولایەک بکات و ڕێکبکەوین لەسەری، ناشبێت ئەو دەستوورە پێچەوانەی ماددەکانی دەستووری عێراق بێت".

ڕاشیگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەنێوان بەغدا و هەرێمدا هەن لەسەر ئاستی حزبیی و کەسییە، بۆیە فراکسیۆنی کۆمەڵ پرۆژەیاسایەکی ئامادەکردووە و پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکات، بۆئەوەی دەستەی دانووستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند دروست بکەین.