ئینفۆ ئار ئار، عەریزە و گەندەڵی


ژیان: وەرگیراوە لە یەریڤان ئەدهەم سەعید

چۆن داهاتی هاوڵاتیانی هەرێم تاڵانفرۆش دەكرێ! هەموو شتێك دەربارەی ئەو كۆمپانیا بزانە كە دەیەوێ ١٥ هەزارت لێ بسەنێ بۆ عەریزەیەك!

چەندە رۆژێكە لێكۆڵینەوە لە كۆمپانیایەك ئەكەم ناوی ئینفۆ ئار ئارە كە بە حساب عەقدێكی هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی عەریزە و دانانی سەنتەرێكی داتا. ئەمە تا ئێرە كێشە نیە، بەڵام گرنگە بزانین ئەم كۆمپانیا چیە و چۆن لە دایك بووە، كێ دایمەزراندوە و داهاتی چەندە. سوپاس یاسای وڵاتانی رۆژئاوا، دەتوانیت زانیاری لە سەر كۆمپانیاكان كە لێرە تۆماركراون دەست بكەوێت.

١- ئەم كۆمپانیا ئەزموونی هیچ نیە و لە سالی ٢٠١٦ دامەزراوە.
٢- بەرێوەبەری یەكەمی ناوی دەوەن سەروەر عەلی و هاوڵاتی عێراقە لە سالی ١٩٨٤ لە دایك بووە.
٣- دوای ئەویش، كەسێكی كە بە ناوی پێشرەو سەدرەدین جونیاد كراوە بە بەرێوەبەر لە ٢٠١٦ لە دایك بووی ١٩٨٣ و هاوڵاتی عێراقە.
٤- لە ٢٠١٧ دا دەوەن واز دەهێنێ.
٥- لە ٢٠١٧ دا، پشكی كۆمپانیاكە دەدرێ بە دوو كەس بە ناوی ئادەم رەشید و شەیما عومەر حەمید كە هەریەك لە سەدا ٥٠ دەخرێتە سەریان و ئادەم رەشید دەبێ بە بەرێوەبەری كۆمپانیاكە.
٦- لە ٢٠١٧ كۆمپانیاكە خاوەنی نزیكەی ٣٧٠٠ دۆلار بووە.
٧- لە ٢٠١٨ دا شەیما عومەر دەكرێ بە بەرێوەبەر.
٨- لە ٢٠١٨ دا كەسێك بە ناوی چۆڵی محەمەد رەشید و هاوڵاتی دورگەیەكی بچوكە لە زەریای هێمن بە ناوی كۆماری ڤاناتو لە نزیك ئوستراڵیا دەكرێت بە بەرێوەبەر.
٩ - لە مانگی ١١ ی ٢٠١٨ دا، شەیما پشكەكانی نامێنێ لە كۆمپانیاكە و دەخرێتە سەر چۆلی، واتە ئادەم لە سەدا ٥٠ و چۆلیش لە سەدا ٥٠ كۆمپانیاكەیان هەیە.
١٠- لە مانگی ١ ی ٢٠١٩، چۆلی واز دەهێنێ لە كۆمپانیاكە.
١١ بە پێی دوا هەژماریان كە تەسلیمی حكومەتی بەریتانیا كراوە، سەروەتی كۆمپانیەكە كە متر لە ١٠ هەزار دۆلارە.
١٢- مانگی ٢ ی ئەم ساڵ وەزارەتی داد گرێبەستی لەگەڵ ئەم كۆمپانیا كرد.

پرسیار ئەوەیە، كۆمپانیەیەك كە بە شێوەیەكەی زۆر پێچا و پێچ دروست كراوە و خاوەنی هیچ جۆرە موڵك و سەروەت و پارەیەك نیە، چۆن دەتوانێ داتا سەنتەر دانبێ لە هەموو كوردستان و هەموو فەرمانگەكانی دادنوس ببەستێت بە یەكەوە.

چۆن حكومەت سەیری رابردووی ئەم كۆمپانیەیەی نەكرد، بۆ چاو لێ پۆشی؟

راستیەكەی كە ئەم كۆمپانیا لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە دروست كراوە و لە بەریتانیا تۆمار كراوە زیاتر بۆ خۆڵ كردنە چاوی خەڵك بووە و بۆ ئەوەی بەرپرسان ئەمەش وەك دەستكەوتێكی گرنگ بفرۆشنەوە بە خەڵك و بڵێن لەگەڵ كۆمپانیایی بیانی گرێبەست دەكەین بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری.

بە پێی هەندێك راپۆرت، پێشتر كە بریار بوو ٢٥ هەزار دینار وەربگرن بۆ هەر عەریزەیەك، لە سەدا ٨٠ بۆ كۆمپانیەكە دەبوو وە لە سەدا ٢٠ بۆ حكومەت. بەڵام دواتر نرخەكە كەمكرایەوە بۆ ١5 هەزار.

لە هەموو وڵاتان، فۆرم لە ئینتەرنێت هەیە و هاوڵاتیان دەتوانن بە خۆرای پڕی بكەنەوە، زۆر بێ مانایە، بۆ فۆرمێك خەڵك ١٥ هەزار دینار بدات و زۆركەسی كەش بێكار بكەون.

لە راستیدا ئەگەر كۆمپانیەكە جێگەی متامە بوایە، رێی تێدەچوو، ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكرایە نرخ كەم بكرایەتەوە، بەڵام ئەم كۆمپانیا زۆر گوماناویە و دەكرێ بەشێكی كەمی زنجیرەیەكی گەندەڵی بێ لە كوردستان.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە