قادر عەزیز لەبارەی بونی سەربازگەی ئێرانی لە هەرێم رونكردنەوە دەدات

قادر عەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

ژیان: 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند كە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا هیچ سەربازگەیەكی ئێران نیە بەڵام بە پێچەوانەوە لە بادینان سەربازگەی تورکیا زۆرە و حزبەكەشی چاوەروانی كردنەوەی نوێنەرایەتیەتی لە توركیا. 

قادر عەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، رایگەیاند "یەكێتی دژی هەموو دەستێوەردانێكی دەرەكییە بۆ ناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە بۆردومانی بەردەوام و هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا ئەگەر بەپاساوی جەنگی دژی گەریلاكانی پەكەكەش بێت، بەڵام ئەوە چاوتێبڕینەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق ناشارێتەوە جگە لە چاوتێبڕینی لە خاكی رۆژئاوای كوردستان و تەواوی خاكی سوریا، بۆیە ئەو چاوتێبڕینانەی توركیا زۆر لەبابەتی پەكەكە گەورەترن".

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند: بەم دواییە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا تاڕاددەیەك باشبوونیان بەخۆیانەوە بینیوە، یەكێتیش چاوەڕێی كردنەوەی نوێنەرایەتییەكەی دەكات لە ئەنقەرە.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتیشی: یەكێتی پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی مێژوویی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بۆیە تۆماتباركردنی یەكێتی بەوەی نوێنەرایەتی سیاسەتەكانی ئێران دەكات لەناو هەرێم تۆمەتێكی بێبنەمایە، بەڵكو ئەوە زیاتر پەیوەندی بە جوگرافیا و درێژی سنووری ناوچەكانی باڵادەستی یەكێتییە لەگەڵ ئێران. 

قادر عەزیز ئەوەشی وت كە "ئەگەر بەهەموو ناوچەكانی ژێر باڵادەستی یەكێتیدا بگەڕێی هیچ سەربازێك، یان سەربازگەیەكی ئێرانی نابینی، بەپێچەوانەی ناوچەكانی هەولێرو بادینان، كە دەیان سەربازگەی توركیای لێیە".

ناوبراو لە قسەكانیدا بۆ رۆژنامەی سەباح سەبارەت بە قەرزەكانی سەر هەرێم دەشڵێت "هیچ كەسێك بروا بەو هەموو قەرزە ناكات  لەسەر هەرێم كەڵەكە بووە لەبەر ئەوەی هێشتا كەس نازانێت سەرچاوەی ئەو قەرزە كوێیە كە لێیكراوە و ناشزانریت پارەكە چۆن خەرج كراوە".