بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی: خەرجكردنی 20 ملیار دینارەكە روندەكەینەوە

بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی

ژیان: 
بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی لەسەر خەرجكردنی 20 ملیار دیناری تەرخان كراو بۆ شاری رۆشنبیری رونكردنەوە دەدات و دەڵێت من بەرپرسم لەو زەمەنەی كە كارم تیادا كردووە.

بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی، رایگەیاند: لیستی چۆنیەتی خەرجكردنی منحەی بیست ملیار دیناری سلێمانی وەك پایتەختی ڕۆشنبیری كوردستان لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەخەینەڕوو.

ناوبراو لە پەیامێكی نوسراودا دەشڵێت "تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە كارەكانی ئێمە و سەرجەم ئەو پرۆژانەوە هەیە كە لەو مەودای خزمەتی ئێمەدا ئەنجامدراون ( 5\2015 تا ئێستە)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەرپرسە بەرامبەر بە هەر دینارێك كە لەو منحەیە سەرفكرابێت و بەدەر لەوەش هەر دەزگا و بەرپرسێك لە ماوەكانی پێشوترا بەرپرسە بەپێی ئاست و كاریگەری بڕیارەكەی".

لە ماوەی رابردوو قسەیەكی زۆر لەسەر شێوازی خەرجكردنیی ئەو 20 ملیار دیارە كرا كە بۆ پایتەختی رۆشنبیری دیاری كرابوو دڕەیی كە لەسەر لیستی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، دەڵێت: ئێمە لە سەرەتای كاركردنمانەوە لەم دەزگایە تا ئێستا، هاوكاری دەزگاكانی چاودێری بوین و هەرواش ئەبین چونكە ئەو بیركردنەوە و ڕەفتارە هەم لەگەڵ موراڵی خۆماندا ئەگونجێت و هەم یاساش پشتیوانی لێئەكات و ئەیسەپێنێ.

بەڕێوەبەری رۆشنبیری ئەوەشی ئاشكر كردووە كە لە رۆژانی لیستی خەرجكردنی ئەو پارەیە لە كاتی كاركردنی خۆید بڵاو دەكاتەوە.