حەشدی شەعبی هەوڵی دەستگیر كردنی بەرپرسێكی پارتی دەدات


ژیان: 
ئیوارەی ئەمڕۆ 4 پاسەوانی جێگری پارێزگاری نەینەوا كە لە لیستی پارتیە، لەلایەن حەشدی شەعبیەوە دەستگیر كراون و جێگری پارێزگار لەهەوڵدایە بە هاوكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئازادیان بكات، بەڵام تا ئێستا بارزانی وەڵامی نەداوەتەوە. 

سیروان ڕۆژبەیانی، پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی شەمامك بوو ماوەی سێ مانگ دەبێت لەسەر لیستی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كراوەتە جێگری ئەو پارێزگار. 

سەرچاوەیەكی تایبەت بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، ئەمڕۆ لەكاتژمێر ٥:٤٥ خولەكی ئێوارە  لەكاتی گەڕانەوەی لە نەینەوا بۆ ھەولێر لەبازگەی گۆگجەلی لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی ڕێگری لێكراوە كەھەشت ئۆتۆمبێلی پاسەوانی لەگەڵ بووە ئەویش لەبازگە ڕایكردوە. 

سەرچاوەكەی (ژیان) وتیشی: یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی رۆژبەیانی لەلایەن بازگەكەوە بە چوار پاسەوانەوە دەستگیر كراون كە ھەموویان خزمی نزیكی ئەو بەرپرسەی پارتین. 

سەرچاوەكەی ژیان باسی ئەوەشی كرد كە لە دوای رووداوەكەوە سیروان رۆژ بەیانی لەسەری ڕەش چاوەڕێی بینینی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە سەرۆكی حكومەت ببینێت. 

جێگری پارێزگاری شارەکە بە میدیاکانی حزبەکەی وتتوە کە پاسەوانەکانی ئازادکراون هەرچەند ئەشکەنجەیەکی زۆریش دراون. بەرپرسەکانی ئەو گروپەی حەشدی شەعبی ئەوەیان وتووە کە بە گومانی پەیوەنیان بە چەکدارانی داعشەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە بەڵام ئەو بەرپرسەی ارتی تەقەی کردووە و خۆی هەڵهاتووە.