ساڵح ژاژڵەیی: لەناو گۆڕاندا كاریگەریمان نەبوو

ساڵح ژاژڵەیی، جێگری دەست لەكاركێشاوەی سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

ژیان: 
یەكێك لەو بەرپرسانەی پێش هەڵبژاردنی جڤاتی گشتی دەستی لەكار كێشایەوە باس لە بێ رۆڵی و كاریگەر نەبونیان دەكات لەناو بزوتنەوەكەدا و دەشڵێت تا ئێستا نەچوینەتە ناو هیچ حزبێكەوە.  

ساڵح ژاژڵەیی، جێگری دەست لەكاركێشاوەی سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای ئەوەی دیدارێكی (تۆڕی هەواڵی ژیان) لە پێناو دیدارێكی رادیۆی دەنگی ئەمریكا رەتكردەوە رایگەیاند "هۆكاری سەرەكی ئەوەی كە ئەم حەوت كەسە دەستمان لەكاركێشایەوە ئەوەبوو كە ڕۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی كۆبونەوەی كرد داوامان لێكردن لەپێناوی یەكڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەكەن و درێژی بكەنەوە بۆ كۆتایی ساڵ بەڵام ڕۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەكەیان خستە بواری جێ بەجێ كردنەوە كە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەكەن وە 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، كەواتە كە بەقسەمان ناكەن و هیچ بۆچونێكمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین". 

ئەو هەرچەندە بڕیار بوو ئێوارەی دوێنی میوانی بەرنامەی (پێوار) بێت لە (تۆڕی هەواڵی ژیان) بەڵام لەبەر ئەوەی دەنگی ئەمریكا دیداری لەگەڵ كردووە پەسەندی كردووە كە تا دوو رۆژ قسە بۆ میدیاكان نەكات، ھەرچەندە پێشتر بەڵێنی دابوو بەڵام میوان بونی لە بەرنامەكەی (ژیان) رەتدەكاتەوە.  

ژاژڵەی لە دیدارەكەی دەنگی ئەمریكادا باس لە بێ رۆڵی خۆیان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەكات ودەڵێت "لەوەوپێشیش زۆر جار داوامان كردووە ئاوا بكرێت یا ئاوا بكرێت بەڵام بەقسەیان نەكردوین واتە ئەمە ئەنجامە".

ناوبراو چەندین نمونە بۆ بێ رۆڵی و بێكاری گەری خۆیان دەهێنێتەوە لەناو بزوتنەوەكەدا و دەشڵێت "هیچیان بەقسە نەكردین، ئێ كەواتە من بۆ لەجڤاتێكدا بم كە قسەم نەڕوات و هیچ بەقسەم نەكەن؟! كەواتە من دەچمە دەرەوە".

ئەو ئەندامە دەست لەكار كێشاوەیەی گۆڕان وتیشی تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بچینە ناو هیچ خزبێكیترەوە و دەشڵێت "نەهیچ حیزبێك پەیوەندی پێوەكردوین نە ئێمەش پەیوەندیمان بەهیچ حیزبێكی ترەو كردۆتەوە یا خۆمان لەناوخۆماندا ڕێككەوتنمان كردووە بڵێین "وەڵا" وەرن بابچینە ناو فڵانە حیزبەوە".