دادگای سلێمانی سزای لە سێدارەدانی بۆ بكوژانی تاریقی بەقاڵ دەركرد

دادگای سلێمانی

ژیان:

ئەمرۆ پێنجشەممە لە  دانیشتنی دادگای سلێمانی بریاری لە سێدارەدان بۆ هەر سێ تاوانباری سەرەكی بكوژانی تاریقی بەقاڵ دەركرا.

حاجی مەولود مارف خاڵی تاریقی بەقاڵ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەیەکەم دانیشتنی دواخراوی بکوژانی تاریقی بەقاڵدا ئەمڕۆ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی تاریق دەرکرد، سزاکەش بەشێوەیەکە لەسێدارەدان ھەتا مردن".

وتیشی"یەکێک لەئەنجامدەرانی تاوانەکەش ڕایگەیاند کە ئەو بێتاوانە، بەڵام دوو تاوانبارەکەی دیکە وتیان ئەویش بەشداربوەو پێکەوە تاوانەکەمان ئەنجامداوە، بەڵام داوادەکەین دادگا لێمان ببورێت".

سەبارەت بەو گرژیەشی لەناو دادگا دروستبوو، حاجی مەولود وتی"ئێمە لەناو دادگا بوین كاتێك تاوانباران برانە دەرەوە، ئێمەش ناڕەزاییمان دەربڕی، دواتر دادوەر جەختیكردەوەو پێیڕاگەیاندین هیچ نابێت ڕوبدات كەمێكی دیكە بڕیار دەدرێت، ئەوەبوو هەرسێ تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا".

ناوبراو لەبارەی لەجێبەجێكردنی سزاكەش وتی "داوا لەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەرچی زوە ئەو سزایە جێبەجێبكرێت و تاوانباران بەسزای ڕەوای خۆیان بگەن".

تاریقی بەقاڵ لەمانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندرا، لەڕۆژی ٧ی ٤ی ٢٠١٩یشدا لەکاتی ئاشکراکردنی دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداردا لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە، ئاشکرابوو کە لەلایەن ئەو باندەوە تاریق ڕفێندراوە، دوای ئەوەی دوو فیشەکیان بەقاچیەوە ناوە، دواتریش بەجامانەکەی ملی خنکاندویانە.