نوێترین ئاماری بریندارانی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی داعش ڕاگەیەندرا

دیندار زێــباری

ژیان:

رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگەیاند، له‌ شه‌ڕی داعش نزیكه‌ی 12000 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ بریندار بوون له‌وانه‌ (293)یان كه‌مئه‌ندام بوون.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌ میانه‌ی گفتوگۆكانی راپۆرتی كۆماری عێراق تایبه‌ت به‌ مافی كه‌م ئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وتی " لە شەڕی دژبە داعش، نزیكەی 12 هەزار پێشمەرگە برینداربوون، لەنێویاندا 293 كەسیان كەمئەندام بوون".

زێبارى ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێم تا ئێستا 35 کاروانى بریندارانی چەکی کیمیایی ناردۆتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر کردن کە هەر وەجبەیەکیان لە 30-45 بەرکەوتوو پێکدێت.

دەربارەی ژمارەی کەمئەندامانیش دەڵێت: تا ساڵی 2018 ژمارەی ئەو کەمئەندامانەی کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە گەیشتۆتە 95 هەزار و 916 کەس.

شایه‌نی باسه‌ دوێنێ 11/9/2019  له‌ نووسینگه‌ی ئه‌نجومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ جنێڤ كۆتایی به‌ گفتوگۆكانی عێراق دێت له‌ میانی خولی بیست و دووه‌می لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی كه‌م ئه‌ندامان (CRPD).