ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی: پەلە بكرێت لە جێبەجێ كردنی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی


ژیان: 
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆبونەوەی فراوانی خۆیدا بە میوانداری شاندێكی هاوبەشی مەڵبەندی كەركوك و خانەقین كە پێك هاتبوون لە ئاسۆ مامەند و خالید شوانی م. محسین عەلی ئەكبەر، گفتوگۆی بڕیاری بەستنی كۆنگرەی لەلایەن سەركردایەتیەوە كرد.  

لەو كۆبونەویەدا هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی دوای بریاردان لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە و گرنگی ‌و هەستیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ‌و ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەلاغێكی بڵاوكردۆتەوە. 

دەقی بەلاغەكەی ئەنجومەنی ناوەندی :  

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان 

پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان 

هەڤاڵانی (ی.ن.ك) 

سڵاوێكی گەرم ….. 

لە ئەنجامی هەوڵ و كۆششێكی بەردەوامی ئەنجومەنی ناوەندی‌و بە پشتیوانی هەڤاڵان‌و دڵسۆزانی (ی.ن.ك) سەرئەنجام ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە بڕیارێكی مێژووی بەرپرسیارانە دا دڵی یەكێتیەكانی خۆش كردوو نەیارانی یەكێتی توشی شۆك بوون لە دوای ئەو بڕیارەی یەكێتی خۆی بۆ سێ گۆرانكاری ‌و پرسی گرنگ ئامادە دەكات كە پەیوەستن بە ئایندەی یەكێتی‌و ئایندەی گەلی كوردستان بە گشتی ، ئەوانیش بریتین لە : 

1. خۆئامادە كردن بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی یەكێتیانەی سەركەوتوو كە ببێتە هەوێنی نوێبونەوە‌و كۆكردنەوەی یەكێتی . 

2. خۆ ئامادە كردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك‌و ناوچەدابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان . 

3. پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی ‌و كاریگەریەكانی لەسەر ئایندەو چارەنوسی گەلی كوردستان لە كەركوك‌و خانەقین‌و دووز خورماتوو ‌و مەخمور‌و دەشتی نەینەواو شەنگال .ئەم سێ پرسە گرنگە ئەركێكی نوێ دەخاتە سەر شانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان . 

بۆیە داوادەكەین كە : 

• هەڤاڵانی سەركردایەتی بە گیانێكی هەڤاڵانە‌و بە ئیرادەیەكی هاوبەش هەموو هەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەر بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا‌و بۆ ئەو مەبەستە داوا لە لیژنەی باڵاو لیژنە فەرعیەكان دەكەین لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن . 

• ئەم قۆناغە زیاتر لە هەركاتێكی دیكە وادەخوازێت كە پێویستە یەكێتی ناویەكێتی پارێزراو بێت‌و سەرجەم ئۆرگان‌و هەڤاڵانی یەكێتی هاوكار‌و هەماهەنگی بكەن بۆ سەر خستنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرە . 

• پەیامی فەرمی یەكێتی بۆلایەنە سیاسیەكانی كوردستان ‌و پێكهێنانی لیستی هاوبەش لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكە سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە یەكێتی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی‌و یەك ریزی‌و تەبایی گەلی كوردستان هەمیشە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانی خستۆتە پێش بەرژەوەندیە حزبیەكانی خۆی . 

• بەرژەوەندی گەلی كوردستان لە كەركوك وا دەخوازێت پەلە بكرێت لە جێبەجێ كردنی رێككەوتنامەی سیاسی لە نێوان یەكێتی‌و پارتی ‌و دانانی پارێزگارێكی كورد‌و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان . 

• پێویستە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان بە ئیرادەیەكی هاوبەش‌و وەك‌و یەك تیم هەموو تواناكانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دا بەرژەوەندی گەلی كوردستان لەو ناوچانە پارێزراو بێت ‌و بۆ ئەو مەبەستە میدیای كوردی رۆڵێكی ئەرێنی بێت‌و هاوڵاتیانی رەسەنی ئەو ناوچانە هان بدەن كە لە رۆژی سەرژمێری دا لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكە ئامادە بن چونكە ئەم سەرژمێریە چارەنوس‌و ئایندەی ئەو ناوچانە دیاری دەكات. 

لەكۆتایدا جارێكی دیكە ئەو راستیە دووپات دەكەینەوە كە ئەنجومەنی ناوەندی وەك هەمیشە پارێزەری یەك ڕیزی‌و تەبایی ناو یەكێتی دەبێت‌و هەموو هەوڵەكانی تەرخان دەكات لە پێناو سەرخستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوانەو یەكێتیانە ،لە كۆتایدا وەك سەرۆك (مام جەلال ) فەرمویەتی ( مانەوەمان ، گەشەكردنمان ، سەروەریمان ، بەندە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ). 


ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك)
12/9/2019