شایی باشترینە

خانمە هونەرمەند‌و شانۆكار شایی نەجاڕ

ژیان: هۆزان عیرفان

خانمە هونەرمەند‌و شانۆكار شایی نەجاڕ، یەكێكە لەئەكتەرە دیارەكانی بواری شانۆ‌و دراما لەشاری سلێمانی‌و ئێستاش لەكارێكی نوێیدا‌و وەك ئەكتەری سەرەكی بەشداریكردووە.

شایی نەجاڕ لەتەمەنێكی زۆر منداڵییەوە دەستی بەكاری هونەری نواندن كردووە،  یەكەم ئەزمونی هونەریشی كورتە فیلمێك بووە لەگەڵ دەرهێنەری كۆچكردوو رەحیمی زەبیحی، كەئەوكات لەپۆلی پێنجی سەرەتایی بووە. ئەو بەبێ گوێدانە كۆمەڵگە هەم لەشانۆو هەم دراماو سینەما، هەمیش سەمای بالێ بەشداری دەكات‌و لەزۆربەی فێستیڤاڵەكاندا خەڵاتی باشترین كچە ئەكتەری پێبەخشراوە.

كلتور رێگرو یارمەتی دەرم بووە

شایی لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٢، لەوەڵامی یەكەمین پرسیاری ژیان، سەبارەت بەوەی بەشداری لەدراما یا كورتە فیلم‌و شانۆ بۆئەو ئەستەمتر بووە؟ وتی "هەڵبەتە كاری هونەری بەگشتی ماندوبونێكی چێژ بەخشی هەیە بۆم، بەڵام شانۆ زۆر پێوەی ماندو دەبم كەخۆشی سروشتی هونەرەكە بەو شێوەیەیە".

سەبارەت بەو پرسیارەش كەچی تایبەتمەندییەك لەشاییدا هەیە وەك شانۆكارو جیای بكاتەوە لەشانۆكارانی تر؟ دەڵێت، ئەوەی من جیا دەكاتەوە رەنگە لای بینەران شێت بێت‌و لای خودی خۆشم شتێكی دیكە بێت، بەڵام بەلای خۆمەوە ئەوەی من لەخانمە هونەرمەندەكانی دیكە جیادەكاتەوە خۆمم، هەروەها دەتوانم بڵێم هونەر وای لێكردووم ھەموو ناشرینیەكانی ژیان بەجوانی ببینم‌و لەوانەیە لەزۆر شتی تر لەكەسانی تر جیاواز بم.

لە شاییمان پرسی: شانۆ، یان دراما؟ وتی، كاتێك من هەوڵمداوە ئەم بوارە هەڵبژێرم دەبێت هەوڵ بۆ باشترین بدەم بەپێی توانا، هەر بۆیە هونەر دۆزینەوە نیە، بەڵام رۆحیەتی كاری شانۆیی زۆر تایبەتترە لەدراما.

شایی باسی لەوەشكرد، شانۆ‌و هونەر بەگشتی بۆتە پێویستیەكی ڕۆژانەی خەڵك لەدونیادا، بەڵام هونەر بەگشتی لەكوردستان زۆر زۆری ماوە ئەوەی هەیە ئێستا سەرەتای ئەو رێگایەیە كەپێیدا دەڕۆین.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا  كەتا چەندە شایی سوودی لەئەزموون‌و تایبەتمەندی كارەكانی هونەرمەندی تر وەرگرتووە؟ وتی، رێزم بۆ هەمو هونەرمەندێك هەیە ئێمەش شوێن پێ هەڵگری ئەوانین، بەس من ئەوەی دێتە سەر ڕێم ئەوە فێرم دەكات نەك كەسێكی دیاری كراو.

سەبارەت بەو فێستیڤاڵە هونەرییانەی كەدەكرێن ئایا كاریگەرییان لەسەر پێشخستنی رەوتی سینەما هەیە؟ شایی رونیكردەوە، بونی فێستیڤاڵ گرنگە‌و هەست دەكەی هەنگاوێك بەرەو پێش چووین‌و بەشداریكردن لەفێستیڤاڵ خۆی چێژێكی تایبەتی هەیەو، فێستیڤاڵی شانۆش كۆكردنەوە‌و بەدەرخستنی هونەرمەندەو تواناكانیانە ئەوەش نیشانەی نەمری هونەرە.

هونەر دۆزینەوە نیە

"كلتور لەبەردەم كارەكانمدا تاڕادەیەك رێگربووەو یارمەتیشی داوم، بەڵام هونەر ئەوەیە تیایە دەژین بەباشی‌و خراپییەكانیەوە، ئەوە ژیانی منە كەئەو نەبوایە نازانم ئێستا چۆن دەبوم" شایی وای وت.

شایی تاوەكو ئێستا بیری لەوە نەكردۆتەوە كەلەگەڵ هونەرمەندی تر بەرهەمی هەبێت‌و دەڵێت، بیرلەوە نەكردۆتەوە، بەڵام ئەگەر بگومجێت بۆنا.
لەكۆتایی دیداركەدا شایی ئاماژە بەكاری داهاتووی دەكات‌و دەڵێت، كورتە فیلمێكم هەیە كەتەواو بوەو نمایش نەكراوە، لەئێستاشدا لەوێنەگرتنی درامایەكی نوێدام.