عێراق؛ ١٥ حزبی سوننە بەرەیەكی هاوبەشیان ڕاگەیاند

ئامانجەکانیان ئاشکرا دەکەن
کۆنگرەی دامەزراندنی بەرە نوێیەکە

ژیان:

بەشێک لە سوننەکانی عێراق دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی نوێیان ڕاگەیاند، بەرە نوێیەکە ئەمڕۆ شەممە، ١٤ ئەیلولی ٢٠١٩، یەکەم کۆنگرەیان بۆ ناساندن و دامەزراندنی خۆیان ساز کرد.

بەپێی میدیا عێراقیەکان ئەمڕۆ ١٥ حزبی سوننە، بەرەیەكی هاوبەشیان بەناوی بەرەی ڕزگاریی و گەشەپێدان ڕاگەیاند، بەرە نوێكە لەلایەن ئوسامە نوجێفییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و چەندان سەركردەو كەسایەتی سوننەی وەك ئەحمەد مەساریی، مەشعان جبوری، سەلمان جومێلی، عەبدولكەریم عەبتان و قاسم فەهداوی لەخۆدەگرێت.

نوجێفی دەربارەی دروستکردنی بەرە نوێکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا ڕایگەیاند، ئامانجی دروستکردنی بەرەی دەربازبون و گەشەپێدان کۆکردنەوەی سەرجەم ڕۆڵەکانی عێراقە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای ڕێکخراوەیی و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافی هاوڵاتیان.

وتیشی، ئەوان كار بۆ بەدەستهێنانی پۆست و پلە ناكەن بەڵكو دەیانەوێت پەردە لەسەر چەندین دۆسیەی وەك گەندەڵی و ڕفێنراوەكانی شەڕی داعش هەڵبدەنەوە.