تەڤگەری ئازادی: ئاسایشی پارتی هەوڵ ئەدات چالاكی هەڤاڵانمان بخاتە بن چاودێری


ژیان: 
تەڤگەری ئازادی رایگەیاند پارتی لە هەوڵدایە ئەندامەكانیان بترسێنێت و بەڵێننانمەی ئەوەیان پێ پڕ بكاتەوە كار لەگەڵ ئەو حزبەدا نەكەن. 

ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، ڕاگەیەندراوێكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكردەوەو تێیدا رایگەیاند: پارتی دیموكراتی كورستان هەوڵ ئەدات لەڕێگای هەڕەشە و دەستگیركردنی ئەندامەكانیان، ئەوانەی دژی داگیركاری توركیا دەوەستنەوە بێ دەنگ بكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەو حزبە ''ماوەیەكە ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردسان-عێراق، لەسنوری بادینان تاكو دەگاتە سنوری سۆران بەبیانووی جودا جودا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەندامان ولایەنگرانی تەڤگەری ئازادی دەكات و بەزۆرەملێ داوای واژۆكردنی پەیماننامەیان لێدەكەن كەنابێت پەیوەندییان بەتەڤگەری ئازادییەوە هەبێت، هەروەها داوای كەفیلیان لێدەكەن بۆ دەستهەڵگرتن لەكاركردن لەگەڵ تەڤگەری ئازادی".

 بەیاننامەی ئەو حزبە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) رایگەیاند كە بەهۆی راپۆرتێكیان لەسەر بنكە و بارەگاكانی توركیا لە سنوری زۆنی زەرد هەرشەشەیەیكی فراوان لەلایەن دەزگا هەواڵگریەكانی سەر بە پارتیەوە هەڕەشەیان لێ دەكرێت. 

تەڤگەر ئەوەشی راگەیاندووە "هەرێمی كوردستان بۆتە مۆڵگەی دەزگا جاسوسی و سیخوڕییەكان، ئێستاش هێزەكانی بەناو ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق هەوڵ ئەدات چالاكی هەڤاڵانی ئێمە بخاتە بن چاودێری و سنورداری بكات تاكو دەوڵەتی توركیا لەخۆیان ڕازی بكەن".