عێراق رەتیدەکاتەوە لە خاکەکەیەوە هێرش کرابێتە سەر بیرە نەوتیەکانى سعودییە

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

ژیان:

نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ خاكی عێراق بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی سعوودیه‌ به‌كارهێنرابێت.

دواى ئەوەى لەلایەن چەند میدیایەکى جیهانییەوە بڵاوکرایەوە کە لە خاکى عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر بیرە نەوتییەکانى سعودییە نووسینگه‌ی عادل عەبدولمەهدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوکردەوەو رایگه‌یاند "عێراق ئه‌و هه‌واڵانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك میدیای ناوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانیدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن  خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی سعوودییه‌ به‌كارهێنراوه‌".

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتوە، عێراق ته‌ئكیدی ده‌كاته‌وه‌ پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستوور و رێگه‌گرتن له‌ به‌كارهێنانی خاكه‌كه‌ی دژی وڵاتانی دراوسێ و براو و هاوڕێی، حكوومه‌تی عێراق به‌توندی رووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستوور پێشێل بكه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، لیژنه‌یه‌كی عێراقیی په‌یوه‌ندار بۆ چاودێریی زانیاریی و پێشهاته‌ نوێیه‌كان پێكهێنراوه‌، داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانیش ده‌كه‌ین ده‌ست له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كتری هه‌ڵگرن تا نه‌بێته‌ هۆی زیانی گه‌وره‌ی گیانی و ماددیی بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كان.